کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: کوردستان سەرەڕای میلیتاریزە بوونی نەورۆزی کردە دەرفەتی خۆدەرخستنەوە و مەیدانی داخوازی

13:38 - 16 خاکەلێوه 2725

خالید عەزیزی: کوردستان سەرەڕای میلیتاریزە بوونی نەورۆزی کردە دەرفەتی خۆدەرخستنەوە و مەیدانی داخوازی

(دەقی قسەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی واشنگتۆن)

 

خوشک و برایانی ئازیز!

میوانانی بەڕێز!

کچان و کوڕانی ڕازاوەی بەشدار لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی واشنتگۆن لە ئامریکا!

پڕ بەدڵ هەموو لایەکتان بەخێرهاتن دەکەم بۆ نەورۆزی ئەو ساڵ، نەورۆزە تایبەتەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر لێرەوە پیرۆزبایتان لێ دەکەم و لە دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەنێرم، پیرۆزیان بێ. نەورۆزی ئەوساڵ لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر تایبەتی بوو، زۆر مانادار بوو، زۆر دەوڵەمەند بوو، و زۆر پەیامیشی تێدا بوو.

یەکەم، بەڕێوەچوونی ئەو نەورۆزە بەو تایبەتییەی بینیمان، بۆ ئێمەی دێموکرات، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو شوێنەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی تێدا لە دایک بوو، بە تایبەت دوای یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و بەتایبەتیتر دوای کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەرکی پتری بۆ دروست کردووین.

دووهەم، ئەم نەورۆزە تێکەڵ بوو بە ئاستێکی بەرزی شعووری نەتەوایەتی و تێگەیشتنی سیاسی بە بەراورد لەگەڵ زۆر شوێن لە شوێنەکانی ئێران، چونکە ئێرانییەکانیش وەکی ئێمە بەگشتی نەورۆزیان هەیە و جەژنی نەورۆز دەگرن، بەڵام بەشداریی ئەو ساڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردی بە مێژوو.

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی نەورۆزی ئەمساڵ ئەوە بوو کە لەو شوێنەی کە حیزبی دێموکراتی لێ لە دایک بوو و حیزبایەتی کرد بە فەرهەنگ و خۆڕێکخستن و خۆسازماندان و تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزی مانەوەی حیزبی دێموکرات بووە لە هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانیدا و لە ئاکامدا خەبات و تێکۆشان و جموجۆڵی مەدەنیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نەهادینە کرد؛ نەورۆز گرتنەکان و ڕێوڕەسمەکان لە زۆربەی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جۆرێک چووەتە قۆناغی خۆسازماندان و خۆڕێکخستن. زۆر پێش نەورۆز هەماهەنگی و هاوکاری و ئاگالێکبوون لێرە و لەوێ لەم شار و لەم گوند وەهای کرد کە زۆر بە بەرنامە ئەو ڕێوڕەسمانە بەڕێوە بچن. ئەو خۆسازماندان و خۆڕێکخستنە خاڵی لاوازی لایەنە ئێرانییەکانی موخالیفی کۆماری ئیسلامییە کە تا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام ئێمە نە تەنیا سیاسەتمان تا ڕادەیەکی زۆر سازمان دا و کردمان بە ڕێکخستن، بەڵکوو بە نهادینەکردنی خۆڕێکخستن لە بۆنە و نەریتە کولتوورییەکانیش کوردستان توانی چەند هەنگاوی دیکەش بچێتە پێشێ.

 پەیامێکی دیکەی نەورۆزی ئەوساڵ ئەوە بوو لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تەواوی ئەمنییەتی و میلیتاریزە کراوە و سەرباری دۆخ و ژیانێکی زۆر ناخۆش کە ئەو نیزامە سیاسییە بۆ خەڵکی پێک‌هێناوە، بەڵام دیسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆز کرا بە دەرفەتی خۆدەرخستن و مەیدانی داخوازی. جا ئەگەر وایە ئەو هەست بە بەرپرسایەتییە و هەروەها ئەو بڕیار و ئیرادەیە بۆ دیفاعکردن لە شوناسی نەتەوایەتی خۆمان لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو خۆسازماندانە، پەیامێکی جیددی و باشی تێیدا هەیە بۆ هەموو ئەو لایەنە ئێرانییانەی کە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵیان ماندووین، قسە دەکەین کە چ بکەین لە ئێستا بۆ نەمانی ئەو نیزامە؟ و چۆن لە داهاتوودا ئەو ئێرانە ئیدارە بکەین و ڕێگاکەی چییە؟ ڕێگاکەی سازماندەیی و خۆڕێکخستنە،ڕێگاکەی ئەوە نییە تاکەکان لە ئێراندا خڕ ببنەوە بە بڵاوی و بە سەدان و بە هەزاران لەو پێناوەدا کار بکەن، ڕێگاکەی ئەوەیە بەرەو ئەو مەسیرە بڕۆن کە چۆن خۆیان بکەن بە حیزب. هەتا جۆراوجۆرییەکانی ئێرانی بە هەر بۆچوونێک کە هەیانە، حیزب و ڕێکخستنیان هەبێ، کاری ئێمەی کورد ئاسانتر دەبێت. ئەوکات دەزانین لەگەڵ کێ سەروکارمان هەیە و دەزانین کە بیر و بۆچوونەکانی کۆمەڵگەی ئێران چۆنن و لە شکڵی چ جۆرە حیزب و سازمانێکدا خۆ دەنوێنن. هیوادارم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ژن و بە پیاو بە کچ و کوڕ بە هەمووی ئەو جۆراوجۆری بەڵام یەکگرتووییە و بە تایبەت خاکی پۆشەکان تێ‌بکۆشن ئەو ئەزموونەی خۆیان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی خەڵکی ئێران هاوبەش بکەن و ئەم ئەزموونی خۆڕێکخستنە لە کوردستانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران بگوازرێتەوە.

لە ئێستادا خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە تایبەت جموجۆڵی مەدەنی چووەتە قۆناغێکی زۆر باش و بەبایەخ. ئەوە ڕێک ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دوایدا دەڕوا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانیدا سەرباری هەمووی ئەو قوربانییەی داویەتی و تەنانەت ڕێبەرانی هەرە ئاست‌بەرزیشی وەک پێشەوا قازی محەممەد، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی هەرسێکیان ئیعدام و تێرۆر کران، هەمووی ئەوە دەگەیەنێت کە شوێنی ئەو خەبات و تێکۆشانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەمووی ئێمە چ، ئەوانەی لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا و ئۆسترالیا و کانادا و وڵاتانی دەرەوە کار و چالاکی دەکەین؛ چ ئەو جەمعەی بە تایبەتە لێرە ئەمن لە ئامریکا دەیانبینم هەمووی کاری ئێمە بۆ ئەوەیە چۆن ئەو جووڵانەوەیە لە نێوخۆی وڵات بەهێز بێت.

کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە لە کوردستان دەگرێ، دەکوژێ، تێرۆر دەکا و مووشەکمان تێ‌دەگرێ و جۆرەها پیلانگێڕیی ئەمنیەتیی لەدژ کردووین، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندیانەوە و نیشانیان دا کە ئەگەر دەیان کارەساتی دیکەش بە سەر ئەو حیزبە بێنن؛ ئەو خەڵکە کە پێگەی سەرەکیی حیزبی دێموکرایە بۆ خۆیان و بۆ ئەو حیزبە هەر لە مەیدان‌دان. بۆیە جارێکی دیکە پیرۆزباییان لێ دەکەینەوە و لەو مەیدانەدا شانازییان پێوە دەکەین.

 پێوەندیدار بە نەورۆزی ورمێ. ئەمساڵ بە تایبەت لە شاری ورمێ ڕێوڕەسمیی نەورۆزیی کوردەکان بە بەشداریی ئاپۆرایەکی نیزیک بە سەد هەزار کەسی بەڕێوە چوو. دیارە کوردەکانی دانیشتووی ورمێ داوایان لە تورکەکانیش کردبوو کە بەیەکەوە ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوە ببەن و ژمارەیەک لە تورکەکانیش وڵامی ئەو بانگهێشت و بانگەوازەیان بە بەشدارییان دابۆوە. بەڵام بەداخەوە چەند ڕۆژ دواتر هێندێک لایەن لەنێو تورکەکان بە جۆرێک جووڵانەوە کە گرژی و ئاڵۆزیی لێ‌کەوتەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پێوەندی مێژوویی ئێمە لەگەڵ تورکەکان لە ورمێ و لە دەورووبەری ئەو ناوچەیە ئەمری واقع و ڕاستییە. ئێمە زۆر بەڵگەی پێشوومان هەیە کە بەپێی ئەو بەڵگەنامانە و بەپێی پێوەندیی سیاسی و مێژوویی پێشوومان کە بەیەکەوە بوومانە، ڕەعایەتی حاڵی یەکترمان کردوە. لانیکەم لە سەردەمی کۆماری کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد و کۆماری ئازەربایجان بە ڕێبەریی پیشەوەری کۆمەڵێک ڕێککەوتن و پەیماننامە لەنێوان ئێمە و تورکەکاندا هەبوو. ئەوکات لێک‌حاڵیبوون هەبوو.

 بە دوای شۆڕشی ٥٧ی ئێرانیشدا زۆربەی زۆری تورک و کورد لەو شارانە کە هاوبەشن هەوڵیان داوە بەیەکەوە بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن کە پەیوەندییە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی خۆیان بپارێزن و بیانوو نەدەن خەڵکانێک بە تایبەت کاربەدەستانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی لەو شوێنانە کێشە دروست بکەن. ئێمە بۆ جارێکی دیکە تەئکید دەکەینەوە لە شاری ورمێ کورد و تورک ژیانی پێکەویی و پێوەندیی لەمێژینەییان هەیە و سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەمیشە ئەوە بووە چۆن کۆمەگ بە باشتربوونی ئەو پێوەندییانە بکات. بۆ ئاگاداریی زۆرێک لەو تورکانە کە ئاشنان بە مێژووی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی کوردستان بەشێکیان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بوون و تەنانەت تا ئاستی ڕێبەرییش هاتوونە پێشێ. جا هیوادارم بە تایبەت لە ورمێ کورد و تورکەکان بە دەرکی مێژوویی لە پێوەندییە مێژووییەکانی خۆیان و هەروەها بە سەرنجدان و بایەخدانان بۆ ئەو بەڵگانەی لە مێژووی پێوەندییەکانی ئەو دوو نەتەوەیەدا هەبووە و هەروەها لەوە گرنگتر بۆ بیرکردنەوە لە داهاتووی ئەمنییەتی و ژیانی هاوبەشی ئەو دوو نەتەوەیە لە ورمێ ئیجازە بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی نەدەن بیانەوێ شاری ورمێ نائارام بکەن و بەو جۆرە ئاژاوە و کێشەی تێیدا دروست بکەن.

پەیامی ئێمە بۆ چالاکانی مەدەنی لە ئازەربایجان بە تایبەت لە ورمێ، ئەوەیە کە بە پێوەندییەکی باش لەگەڵ یەکتر بناغەی دۆستایەتیی هاوبەش نەهادینە بکەن بۆ ئەوەیکە لە داهاتوودا بیانوو نەدرێ بە کۆماری ئیسلامی. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پابەندە بەوە و بۆ ئەوە کار دەکا و پێبەندی دەروەستییەکانی خۆی تا ئەو جێی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، دەبێت.

 هاوڕێیانی خۆشەویست!

خەڵکی تێکۆشەر و کوڕان و کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

بە نەورۆزی ئەو ساڵ پەیامێکی گەورەتان دا بە ئێمە. دوو ساڵ پێش ئێستا زۆرێک لە ئێوە لە "ئیلام"ەوە هەتا "کرماشان" و "ورمێ" و "مەهاباد" و "سنە" پەیامتان دەنارد کە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێ یەک بگرنەوە. ئێمە پەیامەکەی ئێوەمان وەرگرت و ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قۆڵیان لێ هەڵماڵی و ئەو یەکگرتنەوەیە کە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی ئێوە بوو، بەجێ گەیەندرا. داواکەی ئێوە زۆر بە ڕوونی و بە ئاشکرایی ئەوە بوو کە دەتانگوت دەبێ ئادرەسێک هەبێ، ئادرەسێکی بەهێز کە ئەو جووڵانەوەیە بەڕێوەبەرێ و پاش یەکگرتنەوە و بە تایبەت دوای کۆنگرە بەشداریی ئێوە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە شێوەیەکی بەربەرین لە هەموو شار و کوردستانی ئێران دەقیقەن ئەو ئادرەسە بوو کە حیزبەکەی ئێوە بە ئێوەی دا. لە تەنیشت ئەوەدا هیوادارین هەموو لایەکمان بەیەکەوە دەرسێکی دیکە لەوە وەربگرین ئەویش یەکڕیزییە. هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی و بۆچوون و هەموو جیاوازییەکان کە هەیانە، نەورۆز و بەشداریی هەموو لایەکی ئێوە ئەوەی نیشان ‌دا کە ئێمە دەتوانین یەکڕیز و یەکگرتوو بین.

 لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دیکەش هیوادارم لە ساڵی تازەدا و بەپێی ئەو ئەرکە زۆری کەوتووەتە سەر شانی هەموومان، هەموو لایەکمان بەیەکەوە ئەو خەسارناسییە خۆماڵییەی بۆ بکەین بەو مانایە کە ساڵێکی دیکە لە نەورۆزدا چۆن بتوانین لەو ساڵیش بەرەوپێشتر بچین. دڵنیام حیزبەکەی ئێوە، حیزبی دێموکرات ئەو ئیستعداد و ئامادەییەی هەیە و هیوادارم هەموو لایەکمان بەیەکەوە ئەو وەزیفەیە بەجێ بگەیەنین.

 جارێکی دیکەش نەورۆزی ئێوە و و نەورۆزی هەموو لایەکمان پیرۆز و ساڵی داهاتوو ساڵی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەکمان بێ.