کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میراتە بەنرخەکانی پێشەوا

13:57 - 16 خاکەلێوه 2725

میراتە بەنرخەکانی پێشەوا

 

ڕەزا دانشجوو

مێژووی هەر نەتەوەیەک پڕە لەو ساتانەی ئاڕاستەی ڕەوتی بزووتنەوەی ئەو میللەتەیان گۆڕیوە و پێناسەیەکی تازەیان بە خەباتی ڕزگاریخوازی ئەم میللەتە بەخشیوە. بۆ میللەتی کورد یەکێک لە گرنگترین ئەو ساتانە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بە سەرکردایەتیی پێشەوا قازی محەممەد بوو. لە ڕاستیدا کۆماری کوردستان تەنها هەوڵێک بۆ گەیشتن بە خۆسەریی سیاسی نەبوو، بەڵکوو هەنگاوێکی بنەڕەتی بوو بۆ گواستنەوە لە سیستەمی عەشیرەتی و خێڵەکییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ناسیۆنالیست.

هەرچەندە کۆمار تەمەنی کورت بوو، بەڵام میراتەکەی لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کورددا بەردەوامە. ئاسەواری ئەو بزووتنەوەیە گەورەیە لە هەموو ڕێکخستن و جووڵانەوەکانی دواتر بە مەبەستی گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری لە کۆمەڵگەی کورد بە گشتی ولە ڕۆژهەڵاتدا بە تایبەت دەبینرێت. کاریگەرییەکانی کۆماری کوردستان لەسەر ناسنامەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، خەباتی ژنان و ڕۆڵی لە پێکهاتنی بزووتنەوە کولتووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە بە شێوەیەکی بەرچاو لە شۆڕشی ژینا خۆی نیشان دا، تەنانەت لە نەورۆزی ئەمساڵدا بینەری بەشێک لەم کاریگەریی مێژوویی لە ناساندنی تواناییە کولتورییەکانی کۆمەڵگەی کورد بۆ بەربەرەکانیی لەگەڵ داگیرکەران بووین. لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە کورتی باس لە تاقمێک لەم تایبەتمەندییە دەگمەنانەی کۆماری کوردستان و کاریگەریی لەسەر رووداوەکانی ئیستا دەکرێت. 

پچڕانی پێکهاتەی عەشیرەتی و خێڵەکی و دەسپێکی قۆناغی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن

 بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کۆمەڵگەی کوردی هێشتا بە قورسی لەژێر کاریگەریی پێکهاتە عەشیرەتی و خێڵەکییەکاندا بوو. ئەم پێکهاتانە جگە لە دابینکردنی هاودەنگی نێوخۆیی، بە بەربەستێک لە بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و دێموکراسی دادەنران. قازی محەممەد بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەوڵی ڕزگارکردنی ناسیۆنالیزمی کورد لە پەیوەندیی خێڵەکی و گۆڕینی بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی مۆدێرندا.

کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی زۆرێک لە بزووتنەوەکانی پێشووی کورد کە وابەستەی سەرکردەی عەشیرەت بوون، لەسەر حیزب و ڕێکخراوێکی مۆدێرن بنیات نرابوو. پێشەوا بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکەمجار بزووتنەوەیەکی دامەزراند کە پێوەندیی عەشایەری تێپەڕاند و بوو بە مۆدێل بۆ پارتە کوردییەکانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.

هەنگاوەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، چاپکردنی ڕۆژنامە، ڕێکخستنی ژنان، و وشیاریی کۆمەڵایەتی

یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی کۆماری کوردستان، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "کوردستان" بوو. ئەم بڵاوکراوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وشیارکردنەوە و نوێبوونەوەی کولتووری لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرینەی خەڵکەکەی نەخوێندەوار بوون. لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیە چەمکەکانی وەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافەکانی گەلی کورد، گرنگیی پەروەردەکردن بەرەوپێش بردران.

بەڵام ڕەنگە یەکێک لە کارە پێشکەوتنخوازەکانی کۆماری کوردستان پێکهێنانی ڕێکخراوی ژنان بووبێت. بە پێچەوانەی نەریتی باوکسالاری باو، پێشەوا قازی محەممەد پێی وابوو هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ بوونی ژن لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدەست ناهێنێت. بەم شێوەیە زەمینەی بۆ بەشداریی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان خۆش کرد. ئەم تێڕوانینە پێشکەوتنخوازانەیە بۆ ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا لە ساڵانی دواتردا بوو بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بزووتنەوە کوردییەکان.

شۆڕشی ژینا

 دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە هێمای خەباتی ژنان لە دژی ستەم و هەڵاواردن، بە جۆرێک درێژەپێدەری هەمان بیرکردنەوەی دادپەروەرانەیە کە پێشەوا لە چلەکانی زایینی سەدەی ڕابردوودا دامەزراندوە. ئەو بزووتنەوەی زەبەلاحە کە دوای کوشتنی ژینا لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕووی دا، بە جەختکردنەوە لە سێ بابەتی زۆر گرنگ، ئاماژەیە بۆ درێژەدان بە ڕێبازی پێشەوا.

- دروشمی پێشکەوتنخوازانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ژنان لە بەرخۆدان و خەبات بۆ مافەکانیان، ئاماژەن بۆ بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگەی ژنان و ئامادەبوونی بەربڵاویان لە ڕێگای ئازادی.

- جەختکردنەوە لەسەر "مافی دیاریکردنی چارەنووس" وەک مافێکی پارێزراوی مرۆڤ، گوزارشت لە وشیاری گەلی کورد لە خەباتی دژ بە حکومەتە داگیرکەرە ستەمکارەکان دەکات.

- خەباتی مەدەنی و ڕێکخستن و وشیارکردنەوە دەکرێت بە بەشی سێیەمی ئەم سێیانە گرنگە لە شۆڕشی ژینادا هەژمار بکرێت.

لە ڕاستیدا شۆڕشی ژینا وەشانێکی نوێکراوەی میراتی پێشەوا و کۆماری کوردستان لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری کوردستانە.

نەورۆز، هێمای خۆڕاگری و یەکگرتوویی

نەورۆز هەمیشە بۆ کورد زیاتر لە ئاهەنگێکی سەری ساڵ بووە. نەورۆز  هێمای بەرخۆدان و شوناسی نەتەوەیی و یەکگرتوویی گەڵی کوردە!  ئەوەی ئەمساڵ لە نەورۆز ڕووی دا، مانیفێستی ئاشکرای گەڵی کورد دژی ساڵیان داگیرکەری هەڵاواردن و سەرکوتکردن بوو، وەشانێکی ڕوون و مافخوازانە دژ بە هەموو دوژمنانی کورد بە پانتایی تەواوی ئەو جۆغرافیا زیندانیکراوە لە ماکۆ تا ئیلام! بەشداریی بەرچاوی ژنان لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە نیشانی دا کە تا چەند کۆمەڵگەی کوردی باوەڕمەندە بە ڕۆڵی گرنگ و چارەنووسسازی ژنان لە گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر! جگە لەوەش لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی وەک بەشێک لە ناسنامەی کولتووری و جەختکردنەوە لەسەر جلوبەرگی پێشمەرگە وەک ڕەمزی بەرخۆدان و ڕاوەستان لە دژی داگیرکەران و ڕەشپەرەستان, جیاوازییەکی زۆریان بە نەورۆزی ئەمسال بەخشیوە!

سازدانی ڕێوڕەسێکی بێوێنە لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان بە تایبەت لە ئیلام و کرماشان کە ساڵانێکە لە ژێر توندترین شێوەی ئاسمیلەکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامی و بێگومان پێش ئەوەش لە لایەن ڕژیمی پەهلەوین، نیشاندەری گرنگیدانی کوردستان بە ناسنامەی کوردییە. ڕێکخستن و یەکگرتوویی خاوەن سەرەنج لە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە مێژووییەدا بە یارەمەتیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بێگۆمان لەژێر زەخت و هەڕەشە وهەراسانکردنی بەردەوامی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، ڕەنگدانەوە و دەرخەری ئەوپەڕی وشیاری و بەئاگابوونی کۆمەڵگای کوردییە.

پێشەوا و میراتە بەنرخەکەی، ئێستا ساڵیانی ساڵ دوای شەهیدبوونی، گەورەترین سەرمایەی گەلی کوردە لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری کوردستان. ئەو دیمەنانەی کە نەوەی نوێی کورد، چ لە سەردەمی شۆڕشی ژینا یان ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا خوڵقاندیان، بێگومان قووڵایی وشیاری و زیرەکی ئەم نەوەیە لە شەڕی دژی داگیرکەرانی کوردستاندا نیشان دەدات. نەوەیەک کە بەئاگا و پێشکەوتووخواز، چاونەترس,بوێر و ئازا دژی داگیرکەران و ستەمکاران خەبات دەکات.

ڕۆحی پێشەوای نەمر بناغەدانەری ئەم جووڵانەوە پێشکەوتووخواز شاد کە ئیستا بووەتە هێمای بەرخۆدان و ڕاوەستان دژی زۆر و زەبروزەنگ و داگیرکەر. بێگومان باشترین ئەمەگناسی و پێزانین درێژەدان ڕێگەی پێشەوا و هەموو شەهیدانە تا گەیشتن بە ڕزگاری.