کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی مێژوویی هەلی کار لە ئێران بەهۆی شەڕ و گرژییەکانەوە

16:19 - 21 بانەمەڕ 2726

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی ناوەند "Jobvision" کە یەکێک لە گەورەترین پلاتفۆرمە ئانلاینەکانی دۆزینەوەی کار و دامەزراندن لە ئێرانە، بازاڕی کاری ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی پاشەکشەی بەخۆوە بینیوە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە بەهۆی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی شەڕ و ناسەقامگیرییە سیاسییەکان، ڕێژەی ڕەخساندنی هەلی کار لە وڵاتدا بە ڕێژەی ٥٣ لەسەد بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە و ئەمەش شۆکێکی گەورەی بە کەرتە ئابوورییەکان گەیاندووە.

داتا گرافیکییەکان دەریدەخەن کە لەگەڵ دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکان لە مانگی ڕەشەممەدا، نیشاندەری هەلی کار گەیشتووەتە نزمترین ئاست و بازاڕی کار بە تەواوی سست بووە.

 ئەم پاشەکشەیە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەم وەرزەدا بازاڕی کار هەمیشە ڕەوتێکی گەشەسەندنی هەبووە، بەڵام دۆخی نائاسایی ئەمساڵ وای کردووە کە خاوەنکاران پڕۆسەی دامەزراندن ڕابگرن و وەبەرهێنان لە هێزی مرۆییدا کەم بکەنەوە.

کارناسان هۆکاری ئەم چەقبەستووییە بۆ ترسی بەردەوام لە ئاڵۆزییەکان و نادیاریی داهاتووی ئابووری دەگەڕێننەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕی کار نەتوانێت بە ئاسانی بگەڕێتەوە بۆ هاوسەنگی پێشووی خۆی.