کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران/ کەیهان: لەم ڕۆژانەدا تەقە لە ترامپ دەکرێت

12:14 - 17 خاکەلێوه 2725

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی قورس لە دۆناڵد ترامپ و ئەمریکا دەکەن.

حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەسپێشخەری لە شەڕدا ناکات، ئامادەیی خۆیان بۆ هەر چەشنە شەڕێک لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاندووە.

سەلامی جەختی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دەروونی و بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی ناکشێتەوە و بەرامبەر بە ئەمریکا دەوەستێت.

ئەم قسانەی فەرماندەی سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزشکییان، سەرۆکی دەوڵت و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایانگەیاندووە کە تاران ئامادەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکایە، بەو مەرجەی کە دەوڵەتی واشینگتۆن هەڕەشە نەکات و گەمارۆکانی سەر تاران کەم بکاتەوە.

هاوکات ڕۆژی ڕابردوو ڕۆژنامەی "کەیهان" کە سەرنووسەرەکەی لەلایەن عەلی خامنەییەوە دیاری دەکرێت و بابەتەکانی نزیکە لە ڕوانگەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە، نووسیویەتی: "لەم ڕۆژانەدایە کە بە تۆڵەی خوێنی سلێمانی، تەقە لە ترامپ بکرێت".

پێشتریش بەرپرسانی باڵای سپای پاسداران هەڕەشەی کوشتنیان لە دۆناڵد ترامپ کردبوو.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و پاش دەربازبوونی لە هەوڵێکی تێرۆریستی بۆ کوشتنی، وتبووی: "ئەگەر تێرۆر بکرێم، ئەمریکا ئێران لە نێو دەبات".

پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەمجار پاش ئەوە بوو کە دۆناڵد ترامپ لە مانگی ڕابردوودا نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نارد و لە نامەکەیدا وەک دوایین مۆڵەت، هەڕەشەی لە بەرپرسانی تاران کرد کە ئەگەر تاکوو دوو مانگی دیکە لە سەر کێشە ئەتۆمییەکان دانوستان نەکەن، ئێران بوردومان دەکرێت.

خامنەیی لە مانگەکانی ڕابردوو و چەند جارێک ڕایگەیاندبوو کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەمریکا هەڵەیە و هیچ دەسکەوتێکی تێدا نییە، هەرچەند کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە وڵامی نامەکەی ترامپدا باسیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ وتووێژکردنی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کردووە.