
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی، کاناڵی ئەلعەرەبیە و تلویزیۆنی ئەلحەدەس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا دوو سیستمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت و سیستەمێکی نوێی ''تاد'' ی گەیاندووەتە ئیسرائیل.
کاناڵی ئەلعەرەبییە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە نووسیبووی کە سیستمی بەرگریی تاد ڕۆژی شەممە ڕادەستی ئیسرائیل کرا.
هەروەها ماڵپەڕەکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەری دەخەن کە فڕۆکەیەکی زەبەلاحی گواستنەوەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ''C-M5 Super Galaxy'' لە بنکەی ئاسمانی نواتیم لە باشووری ئیسرائیل نیشتووەتەوە.
یەکەمین سیستمی بەرگریی دژە مووشەکی تاد ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە شێوەی بەپەلە بۆ ئیسرائیل ڕاگوێزرا تا لە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی بەرگری لەو وڵاتە بکات.
تاد بە سیستمێکی پێشکەوتوو و تەواوکەری پاتریۆت ناسراوە، بەڵام دەتوانێت ناوچەیەکی فراوانتر بگرێتەوە.
ئەم سیستمە توانای ئەوەی هەیە ئامانجەکان لە مەودای ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کیلۆمیتر بکاتە ئامانج و هاژەکی بالستیکی مەودای کورت و مامناوەند و دوور لە ناو و دەرەوەی کەشی زەوی لەنێو ببات.
هەروەها هەواڵدەریی یۆنهاپ''ی کۆرەی باشوور لە ١٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بڵاوی کردەوە، واشنگتۆن و سیئۆل لەسەر گواستنەوەی کاتی سیستمی مووشەکی پێشکەوتووی پاتریۆت لە کۆرەی باشوورەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێک کەوتوون.
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا توندتر بووە و زۆرێک لە میدیاکان و شرۆڤەکاران ئەگەری هێرشی نزیک بۆ سەر خاکی ئێران بڵاو دەکەنەوە.
هەروەها کۆماری ئیسلامیش لە ئەگەری هێرشی نیزامیدا هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەی ئەمریکای کردووە.
ئەمریکا لەم دواییانەدا لانیکەم سێ فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی-٢ ئیسپیریت گواستەوە بۆ بنکەی دوورگەی دیێگۆ گارسیا و ئەمەش نیگەرانیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی لێکەوتەوە.