
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٦ی خاکەلێوە، نۆ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی شاری سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە هەشت کەس بە ناوەکانی ئەسعەد باباکەرەمی، خەڵکی گوندی گاوەرە و دانیشتووی شاری سنە، مەحموود نادری، خەڵکی گوندی دادانەی کەمانگەر، مستەفا هۆژەبەری خەڵکی گوندی قوڵیان، ئاریڤان شاکری و ئەحمەد ساعدی، خەڵکی شاری سنە و هەروەها شیروان حەیدەری، ئیدریس حەیدەری و سیروان حاتەمی، خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ، ڕۆژی شەممە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شاری سنە ئازاد کراون.
ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی شنۆ محەممەدی و هاوسەری ئاریڤان شاکری، ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو ٩ی خاکەلێوە پاش دەسبەسەرکرانی، بە شیوەی کاتی ئازاد کراوە.
کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە هێناویەتی کە ئەم کەسانە هەر یەک بە دانانی بارمتەیەکی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکردنیان ئازاد کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەموو ئەم ٩ کەسە لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی نوێ و لە پێوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵی کوردەواری کە بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کرابوو، دەسبەسەر کرابوون.
هاووڵاتییانی کورد لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکگرتوویی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵیان بە جلی خاکی و جامانەوە بەڕێوە برد و نایەکی دیکەیان بە هێما داسەپێندراوەکانی دەسەڵاتی ناوەندگەرا وتەوە.