
جەمال فەتحی: نەورۆز تەنیا هی کوردە و نەتەوەکانی دیکە یان لاسایی نەورۆزی کورد دەکەنەوە یان بە زۆر و خۆسەپاندن خۆیان کردووەتە شەریکی ئەم نەریتە مێژووییە
وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: ئەم جێژنە نیشتمانییەی کوردستان(نەورۆز)کە هێمای یەکبوونی کوردستانییانە، داگیرکەری ئێرانی و داگیرکەرانی تریشی وەلەزرە خستووە و هەموو ساڵێک بە هەڕەشە و گوشارخستنە سەر چالاکانی مەدەنی لەناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خەیاڵی خۆیان پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم هێماگەلە دەگرن، تاکوو نەوەی نوێی کوردستان لەگەڵ دابونەریت و میراتی باب و باپیرانیان ئاشنا نەبن و ڤایرۆسی ئاسیمیلاسیۆنی خۆیان بکەنە مێشکیانە و نەیارشەیدا باریان بێنن، لە ڕاستیدا ئەم هەوڵە لە ڕاستای پڕۆسەی سرێنەوەی نەوە نوێی کوردستانە. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت نەوەی نوێ، گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ بەربەستێک ناتوانێت پێش هەستی نیشتمانپەروەری و کوردستانیبوونیان بگرێت. هەروەک هەموو ساڵێک بە تایبەتی ئەمساڵ چاوەری ئەوە بووین کە خەڵکی ڕۆژهەڵات و پارچەکانیتر یادی ڕۆژە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کوردستان، یەک لەوان نەورۆزیان بە ئەوپەڕی هەست و سۆزەوە بەرز ڕاگرت، لە درێژی ئەم وتووێژەدا بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بە نەورۆز و گرینگی ئەم ڕۆژە نەتەوەییە بۆ نەتەوەی کورد، داوامان لە زۆر بەڕێز کاک جەماڵ فەتحی، چالاکی سیاسی کردووە تا لەم بارەوە زانیاری زیاترمان پێ بدا.
جەماڵ فەتحی
کاک جەمال سپاس بۆ بەشداریت لەم دیمانەیەدا سەرەتا پێمخۆشە بەم پرسیارە دەست پێ بکەم کە مێژوویی جێژنی "نەورۆز" لە کوردستان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ و بۆچی نەورۆز بۆ ئێمەی کورد گرینگە؟
نەورۆز لە کوردستان دوو بوار لەخۆ دەگرێت، یەکەم نەورۆزێکی کۆمەڵایەتی و نەریتی و دووهەم نەورۆزێکی مێژوویی و سیاسی. ئەوەیکە باری کۆمەڵایەتی و نەریتی هەیە جیا لە شێوازی بەڕێوەبردنەکانی، وەکوو یەکەم ڕۆژی بەهار و بووژانەوەی سروشت و ژینگە لەلایەن چەندین نەتەوەی دیکەی ناوچەکە و دەورووبەری کوردستان یاد دەکرێتەوە و جێژنی بۆ دەگرن، بەڵام لە بواری مێژوویی و سیاسییەوە نەورۆزی کورد لەگەڵ نەورۆزی نەتەوەکانی دیکە جیاوازی هەیە و تەنانەت باری شوناسخوازانە و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت. تا ڕادەیەک ئەم جیاوازییە بەرچاو و دیارە کە لە ئێستەدا ئەو وێژمانەی زاڵە کە نەورۆز تەنیا هی کوردە و نەتەوەکانی دیکە یان لاسایی نەورۆزی کورد دەکەنەوە یان بە زۆر و خۆسەپاندن خۆیان کردووەتە شەریکی ئەم نەریتە مێژووییە. ئەوەیکە هێندێ نەتەوە خۆیان لەم نەریتە کۆنە کردووەتە هاوبەش تەنیا هۆکاری سیاسی هەیە، چونکە نەورۆز کە لە ئێستەدا بەم ناوە ناسراوە لە سەردەمی مادەکان و ئایینی باوی ئەو سەردەمە کە ئایینی میترایی یان مێهر بووە بە ناوی مێهرگان بووە و ئەم جێژنە کە لە سەرەتای وەرزی بەهار بووە و بە ناوی جێژنی گاکوژانیش دەیانناسی، پێوەندی بە ئایینی میترایییەوە هەیە و شوێنکەوتووانی ئەم ئایینە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە "بورجی گا" کە هێمای سەرما و ساردییە لەلایەن بورجی شێرەوە کە هێمای گەرما و مێهرە دەکوژرێت و لەم کاتدا گەرما بەسەر سەرمادا زاڵ دەبێت. بەڵام دوای کەوتنی دەسەڵاتی مادەکان کە خاوەنداریەتییان لە ئایینی مێهر کردووە، ئەم جێژنە بۆ سەرەتای پاییز گوازراوەتەوە و ناوی یەکەم مانگی پاییز و جێژنی مێهرگانیش بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە. هۆکاری سیاسیی پشتی ئەم ئاڵوگۆڕە بۆ ئەوەیە کە سەرکەوتنی هەخامەنشییەکان بەسەر مادەکاندا لە یەکەم مانگی پاییز بووە کە لە ڕۆژژمێری ئێستەی ئێراندا بە مانگی مێهر ناسراوە. ئەم ئاڵوێرکردنە سیاسییە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کورد بەردەوام لەلایەن دوژمنانییەوە بە هەموو شێوەیەک پەلاماری دراوە و شکستەکانی کراوەتە جێژنی دوژمنان و سەرکەوتنەکانی شێوێندراوە بۆ ئەوەی شەڕی سایکۆلۆژی لەگەڵ کورددا بکرێت. نەورۆز کە واتای ڕۆژی نوێ دەدات لە بەر ئەوەی بۆ کورد گرنگە چونکە ڕەگێکی مێژوویی و سیاسی هەیە و پێوەندییەکی سۆزداری بۆ ئێمەی کورد چێ کردووە. ئەگەر لە ئێستەدا دەبینین کە کوڕان و کچان بە نیسبەت نەورۆزەوە نۆستالۆژیایەکی دەروونی و واتایییان بۆ ساز دەبێت بەبێ ئەوەی ڕەنگە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیشیان لەسەر مێژووەکەی هەبێت، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە نەورۆز بە هەموو بارێکییەوە جێژنێکی کۆنی کوردییە کە لەلایەن نەتەوەکانی دیکەوە یان لاسایی دەکرێتەوە یان بە زۆرەملێ خۆیان بە شەریکی ئەم سامانە مێژوویییە دەزانن و تەنانەت هێندێ جاریش کوردی لێ بێبەری دەکەن.
ڕۆڵ و کاریگەری "نەورۆز" لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی چۆن دەبینن؟
لەنێو هەموو نەتەوەیەکدا کۆمەڵێک پارادایم هەن کە دەکرێنە بیانوویەک بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیییان، کوردیش کە هەزاران ساڵە لەلایەن گەلانی کۆچەرییەوە پەلامار دەدرێت و سەدان ساڵیشە لە دەسەڵاتی هاوشێوەی دەسەڵاتە مۆدێڕنەکان بێبەشە، لە هەموو دەرفەت و پارادایمێک کەڵکی وەرگرتووە بۆ ئەوەی ناسنامە و شوناسی خۆی بپارێزێت. بەرگریکردن لە ناسنامە بە شێوازی جۆراوجۆر لە کوردستان سەدان ساڵە دەبینرێت و بووەتە کەتوارێک بۆ هەموو جیهان، ڕەنگە ئەم بەرگریکردنە نەگەیشتبێتە ئەنجامی خۆی و کوردیان وەکوو نەتەوەکانی دیکە نەکردبێتە خاوەن دەسەڵات و دەوڵەت بەڵام بەو هەمووە پەلامارە بێڕەحمانانەی کە کراوەتە سەر کورد ئەگەر ئەم بەرگرییانە نەبووبایتن بەدڵنیاییەوە ئێستە پرسێک بەناوی کورد بوونی نەبوو. زۆر پارادایم هەن کە دەکرێت وەکوو بیانوویەک بۆ بەرگریکردن لە شوناسی کورد چاویان لێ بکرێت، بەڵام نەورۆز وەکوو بۆنەیەکی نەتەوەیی هەموو ساڵێک لە کوردستان دەبێتە دەرفەتێک بۆ هەڵکردنی ئاگری ڕق و تووڕەیی لە هەمبەر داگیرکەرانی کوردستان و وەکوو قۆناغێکی هەستیار لە مێژووی ئەم نەتەوە گرنگی پێ دەدرێت. ئەگەر ئێمەی کورد کە ناسنامەمان لەلایەن چوار دەوڵەتی تازە سەرهەڵدراوەوە کەوتووەتە بەر هەڕەشە و مەترسی لەنێوچوون، بە کەمتەرخەمی لە پاڵ زمان، دابونەریت، مێژوو و خاکمانەوە تێپەڕین و یان بەشێک لە ئێلێمانە نەتەوەیییەکانمان بە خەمساردی چاو لێ بکەین بەدڵنیاییەوە نەوەکانی داهاتوومان چ لە دۆخی سەردەستی بێت چ دۆخی بندەستی ناتوانن کوردبوونی خۆیان بسەلمێنن یان داکۆکی لە بوونیان خۆیان بکەن. یەکێک لەو ئێلێمانانە کە وەک وتمان هەم باری کۆمەڵایەتی هەیە و هەم باری مێژوویی و سیاسی، نەورۆزە کە هێندە بۆ سەلماندنی کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و دێرین لە ناوچەکە گرنگە کە بەردەوام داگیرکەران هەوڵیان داوە ئەم بۆنە و خۆشییە لە خەڵک بگرنەوە و نەهێڵن ئاگری نەورۆز لە کوردستان هەڵکرێت.
جیاوازی نەورۆزی کوردستانی لەگەڵ نەورۆزی ئێرانی چییە؟
نەورۆزی کوردستان تەنیا ئاماژە بە بووژانەوەی سروشت و گۆڕینی کەشوهەوا نییە، بەڵکوو جیا لەمە نەورۆزی کوردەواری باری سیاسی و مێژوویی هەیە و بەڕێوەبردنی بۆنەی نەورۆز لە سەری ساڵدا پێناسە و سیمایەکی جیاوازتری لەگەڵ نەورۆزی نەتەوەکانی دیکەی نێو جۆگرافیای ئێران هەیە. ئەوەی لە نەورۆزەکانی کوردستان دەبینرێت هەم لە ڕواڵەتدا و هەم لە نێوەڕۆکدا زۆر جیاوازە، چونکە نەورۆزی نەتەوەکانی دیکەی ئێران جگە لە فارسەکان پێناسەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە کە پێوەندی بە گۆڕینی وەرزی زستان بۆ بەهار هەیە و تەنیا بیانوویەکە بۆ ئاڵوگۆڕی دۆخی ژیانی و ڕابواردن لە چەند ڕۆژی سەرەتای ساڵدا. بەڵام فارسەکان کە بە زۆرینە عەقڵیەتی ئێرانشارییان هەیە ڕوانگەیەکی سیاسی و مێژووییان لەسەر نەورۆز هەیە و وەکوو دەرفەتێک بۆ بەربەرەکانێ و شەڕی دەروونی لە هەمبەر کوردەوە کەڵکی لێ وەردەگرن. بۆیە نەورۆز هەم بۆ کورد و هەم بۆ دوژمنەکەی کە هەڵگری عەقڵیەتی ئێرانشارییە هەم باری کۆمەڵایەتی هەیە وەکوو نەتەوەکانی دیکە و هەم باری مێژوویی و سیاسی. لە بواری مێژوویی و سیاسییەوە عەقڵیەتی ئێرانشاری لە دۆخی هێرشبەری و خۆسەپاندنایە و عەقڵیەتی کوردایەتی دۆخی بەرگریکاری و خۆسەلماندنی لەخۆ گرتووە. ئەم دوو دۆخە کە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەیان هەیە تەنیا لە ڕێکەوتێکی وەکوو نەورۆزدا قەتیس ناکرێنەوە، بەڵکوو بەریەککەوتنی عەقڵیەتی خۆسەپاندن و خۆسەلماندن لە زۆر بوار تەنانەت لە بواری کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەشدا خۆ دەنوێنن. نەورۆزی کوردی کە نەورۆزێکی حەماسی و شۆڕشگێڕانەیە لە هەمبەر ئەو پێناسە نامۆوانەی کە بۆی دەکرێت دەوەستێتەوە و بە هەڵپەڕکێ و بازدان بەسەر ئاگردا ئەو کەتوارە مێژووییەی سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ماد و باوبوونی ئایینی سەرزەوینیی میترا دەسەلمێنێ کە جێژنی سەرەتای ساڵ و یەکەم ڕۆژەکانی بەهار لە چوارچێوەی جێژنی گاکوژی و بە واتای سەرکەوتنی گەرما بەسەر سەرمایە. بازدان بەسەر ئاگری نەورۆز و هەڵسووڕان بە دەوریدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە دوای سەرمای زستان بەرەبەرە کەشوهەوا بەرەو گەرما دەڕوات و گەرما و تینی ئاگر هەم بۆ ژیان پیرۆزە و هەمیش لەژێر ڕکێف و کونتڕۆڵدایە کە لە بازدان و پەڕینەوە بەسەر ئاگری نەورۆزدا خۆ دەنوێنێ. ئەم نەریتانەی کە لەسەر نەورۆزی کوردەواری باس کران هیچیان لە نەریتی نەورۆزە دزراوەکانی نەتەوەی خۆسەپێندا نابینرێت بەڵکوو وەک چۆن لە مێژوو و پێناسەکەیدا چەواشە کراوە، لە بەڕێوەبردنیشی دەسکاری و گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بۆچی داگیرکەرانی کوردستان هەموو ساڵێک بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن پێش لە بەڕێوەچوونی جێژنی "نەورۆز" بگرن؟
ئەوەیکە داگیرکەرانی کوردستان هەموو ساڵێک هەوڵی بەڕێوەنەچوونی جێژنی نەورۆز و هەڵنەکردنی ئاگری نەورۆز دەدەن بۆ ئەو وزەیەی دەگەڕێتەوە کە کورد لە نەورۆزی وەردەگرێت و هەموو ویست و ئیرادەی خۆی بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە بە چاوی دوژمن دەدات و پێی دەڵێت: وەک چۆن ئاگری نەورۆز پاش هەزاران ساڵ نەکوژاوەتەوە و هەموو ساڵێک لەگەڵ بووژانەوەی سروشت هەڵدەکرێت، ئاواش هەستی کوردایەتی دەبووژیتەوە و سەرەڕای ئەو هەمووە کوشتن و بڕینانە دیسان کورد هەر ماوە و قەت نامرێ. دوژمن باش دەزانێت کە کورد لە ڕێگای نەورۆزەوە شەڕی شوناس و ناسنامە لەگەڵ داگیرکەرانی خۆی دەکات و تا ئاستێک لە چییەتی و کێیەتی خۆی تێگەیشتووە کە بەتەواوەتی لە بۆنەیەکی وەکوو نەورۆز سنووری خۆی و ئەوی ترەکان دەکێشێتەوە و پێیان دەڵێت: ئەگەرچی سەدان ساڵە بەسەر خاک و وڵاتمدا خۆت سەپاندووە، بەڵام کورد وەکوو ئاگری نەورۆز لەسەر داوا ڕەواکانی خۆی سوورە. بەگشتی بۆنەی نەورۆز لە ڕوانگەی دوژمنانی کورددا تەنیا بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و یان میراتێکی کۆن نییە، بەڵکوو بۆنەیەکە کە بوونی هەزاران ساڵەی کورد نەک لە خاکی خۆی بەڵکوو لە ناوچەکە دەسەلمێنێ.
هەموو ساڵێک دەبینین کە هەندێک موسڵمانی کورد بە مەوعیزە بەرەوڕووی جێژنی نەورۆزی دەبنەوە و دەیانهەوێ ئەم جەژنە نەتەوەییە تێک بدەن، بۆ؟
لە کوردستان لە هەمبەر پرسی کورددا و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی جیا لە دوژمنانی دەرەکی و داگیرکەران و جیا لە ئەو جاشانەی کە بە ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ چەکیان هەڵگرتووە و لە بەرانبەر نیشتمان هەموو وزەی خۆیان بۆ سەرکوتی بزاڤەکانی کورد بەکار دەهێنن، هێندێ بیری توندئاژۆی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان گەشەیان کردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن نەورۆز بۆنەیەکی دژە ئیسلامییە و کورد بە ئاگرپەرەست و مەجووسی ناو دەبەن. ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردستان بە زۆرینە موسڵمانن، بەڵام موسڵمانبوونی کوردستان لە ڕابردووەوە هەتا ئێستە جیاواز بووە لەگەڵ موسڵمانبوونی نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان کە تەنیا ئیسلام وەکوو ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی خۆیان بەکار دێنن. ئەم وێژمانانە کە بەرەوڕووی نەورۆزی کوردی دەبنەوە بەشێکیان گرێدراوی ئیسلامی سیاسیی دەرەوەی ئێرانن کە بە ناوی ئیسلامی واقێعی و سەلەفییەت بە دژی کورد دەوستنەوە و بە بڕیارێکی ڕەها کورد وەکوو نەتەوەیەکی کافر و نەورۆز بە بۆنەیەکی ئاگرپەرەستی لە قەڵەم دەدەن؛ بەشێکی دیکەی ئەم وێژمانە گرێدراوی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامین و لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران و ئیتلاعاتەوە لێدوان و وتەی توندئاژۆیانە بە دژی نەورۆزی کوردی دەدەن و لە لێدوانێکی بێبنەما و دوور لە لۆژیکدا هەڵپەڕکێی کوڕان و کچانی نیشتمانپەروەر کە تەنیا سۆزی نیشتمانپەروەری هانیان دەدات کە خۆشک و برایانە دەست لە دەستی یەک و ڕەشبەڵەک هەڵدەپەڕن، بە ئاکارێکی دژە بەها دژ بە بیری خەڵکی موسڵمانی کورد لە قەڵەم دەدەن. هەموو ئەم لێدوانە بێبنەمانەی کە بەرەوڕووی نەورۆز و بۆنە کوردییەکان دەبنەوە تەنیا یەک هۆکاری هەیە ئەویش دوژمنایەتی نەتەوەیەکی چەوساوەیە کە هەزاران ساڵە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردنی دەدرێت و دیسان هەر لەسەر پێیە و بە هەڵپەڕکێ و سروودەکانی بە دوژمنانی دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان......
گرینگی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە "کرماشان" و بە تایبەتی "ورمێ" لە چیدا بوو؟
کوردستانی بندەستی داگیرکەران جیا لە ئەوەیکە هەزاران ژینۆساید و کۆمەڵکوژی بە سەریدا هاتووە، بە هەموو شێوەیەکیش هەوڵ دراوە کە دێموگرافییەکەی بشێوێندرێ. خوارەوەی کوردستان کە "ئیلام" ، "کرماشان" و تەنانەت "لوڕستان" لەخۆ دەگرێت و هەروەها "ورمێ" و شارەکانی دەورووبەری لەو شوێنانەی کوردستانن کە بە هۆی گرنگبوونیان لە بواری ستراتیژیی و ژێئۆپۆلۆتیکییەوە هەوڵ دراوە سیمای کوردبوونیان لێ دابماڵدرێت. هەوڵەکانی دوژمن لەم ناوچانە بە شێوازی جۆراوجۆرەوە ڕوویان داوە، بۆ نموونە: لە پارێزگاکانی خوارەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بوونی ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەوە لەلایەن دوو ڕێژیمی پالەوەی و ئاخوندییەوە هەوڵ دراوە لە کوردبوون دوور بخرێنەوە و شوناس و ناسنامەی کوردبوونیان لێ بستێندرێتەوە و لە ورمێ و شارەکانی دەورووبەری کە سەدان ساڵە تورک هاوردە کراوە، بەردەوام لەلایەن ڕێژیمە داگیرکەرەکانەوە پشتی فاشیزمی تورکی گیراوە کە ببنە سەرئێشە بۆ ژیانی کوردێک کە خاوەنی ڕەسەن و ڕاستەقینەی ئەم شارانەن. ئەم هەمووە پیلان و گەڵاڵانەی کە لەم شوێنە ستراتیژیکانەی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە بۆ ئەوە بووە کە کاتێک کورد داوای بەڕێوەبەری و سەروەری خۆی کرد، لەم سۆنگەوە کێشەی بۆ ساز بکەن، کەچی پاش ئەو هەمووە تێچووە و پیلانە نگریسانە دەبینین کە چەند ساڵێکە لە "ئیلام" و "کرماشان" هەستی کوردایەتی چەندە گەشەی کردووە و تەنانەت تا ئاستێک ڕادیکاڵتر و تۆختر لە ناوچەکانی دیکە هاواری کوردبوون بەرز دەکرێتەوە. هەروەها لە ورمێش کە ساڵانێکە ئەو تورکە فاشیزم و خۆسەپێنانەی کە هەم وەکوو شەریکی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی و هەم داردەستی دەوڵەتە تورکەکانی ناوچەکەن بەرەوڕووی بزووتنەوەی کورد دەبنەوە نەک "ورمێ" بەڵکوو هەتا "سنە"بە موڵکی خۆیان دەزانن، چۆناوچۆن بە بینینی نەورۆزی سەد هەزار کەسیی ورمێ سەریان لە بەردیدا و تووڕەیی خۆیان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە دەربڕی. بۆیە ئەگەر بە وردی چاو لەم ڕووداوانە بکەین و بە دوای هۆکارەکانی بگەڕین، دەبێت ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە کوردستان خاک و مۆڵکی کوردە و بست بە بستی بۆ دوژمنانی جێی تەماحە. ئەگەریش لە شوێنێک وەکوو "ئیلام" ، "کرماشان" و "ورمێ" پیلانەکانی دوژمن بە زەقی دەبینرێت و تووڕەیی دوژمن بەرچاوترە، ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم شوێنانە دڵی کوردستانن و وەکوو گلێنەی چاومان دەبێت پارێزگارییان لێ بکەین.
بۆچی داگیرکەران هەوڵ ئەدەن بۆنە نەتەوەییەکانی کوردستان لە باوەشی کورد ڕاماڵن؟ و بە ناوی خۆیانەوە تۆماریان بکەن.
بۆ ئەوەیکە دوژمنانی کوردستان بوونی خۆیان لە نەبوونی کورددا دەبیننەوە، دوژمنانێک کە لە ڕاستیدا دانیشتووانی ئەم ناوچە نین و نەتەوەگەلێکی گەڕۆک بوون کە لە ڕابردوودا بە دوای بژیوی ژیانیان ڕوویان لە وڵاتێک کردووە کە خاوەن خاکێکی پڕ پیت و بەرەکەتە و خاوەنەکەی خاوەن مێژوویەکی قایم و کۆنە. بۆیە داماڵین کورد لە مێژووی خۆی و ئەو بۆنانەی کە هەر کام چیرۆک و بەسەرهاتێکن لە بوون و کەتواری کورد دەتوانێت ڕێخۆشکەری سیاسەتە ئاسمیلاسیۆنەکانی ئەم دوژمنانە بێت.
کاک جەماڵ سپاس بۆ ئەوەیکە هەتا ئێستا لەگەڵمان بووی و ماندووش نەبی
سپاس و ڕێز بۆ جەنابیشتان، ئێوەش ماندوو نەبن.