کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی شورای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

19:24 - 17 خاکەلێوه 2725

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان!
کچان و کوڕانی نیشتمان، شۆڕەسوارانی ڕێگەی شوناس!
هاونیشتمانانی هێژا!
بە هیمەت و بەشداریی بێ‌وێنەتان نەورۆزی ئەمساڵتان کردە گۆڕەپانێک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناس و وەرگرتنەوەی مافی ژیانی کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ماکۆوە تاکوو ئیلام و ناوچە کوردنشینەکانی وەک قەزوێن و خوراسان و تاران بوو بە هێمای یەکگرتوویی، بەردەوامیی خەبات و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر هەڵاواردن و نایەکسانی.
 بەشداریی بەربڵاو و بە جۆش و خرۆشی ئێوە خەڵکی نەترس و ئازا لە مەراسیمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بە جل و بەرگی کوردی و خاکییەوە تەنیا بۆ ئاهەنگێکی سادە نەبووە و نییە، بەڵکو ئەم ئامادەبوونە بەیاننامەی زیندووکردنەوەی بوون و داوای ماف و بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەوساندنەوەیە کە لە سەر نەتەوەیی ئێمەیە.
 کۆبوونەوەکانی نەورۆز بۆتە دەرفەتێک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو فەزایانە و پێناسەکردنەوەی ناسنامەی بەکۆمەڵی کوردی ڕۆژهەڵات. ئاماده بوونی زۆرینەی چین و توێژه جیاجیاکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لاوان و ژنان لە ڕێوڕەسمەکاندا دەیسەلمێنێ که ئەم نەتەوه هیچ کاتێک تا گەیشتن بە سەروەریی سیاسی ناوەستێت.
بەم بۆنە شکۆدارەوە سپاسی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات لە پەیوەندی لە گەڵ گەڵاڵە داڕشتن، تەداروکات، هەزینە و دیاری کردنی شوێنی گونجاو، چاوەدێری و نەزم و ئینزباتی بێ وێنەیان لە نەورۆزی ئەمساڵدا دەکەێن.

شورای فەرهەنگیی بۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
17ی خاکەلێوەی 2725ی کوردی