
"ئەلعەرەبیە" لە زاری سەرچاوەکانی ڕایانگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکانی میلیشیا حوسییەکان لە میحوەری ئەلتەحیتا، لە باشووری ئەلجەبەلیە کە دەکەوێتە پارێزگای حودەیدە لە یەمەن ئەنجام دا.
سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە باسیان لەوە کردووە کە لەم هێرشەدا نزیکەی ٧٠ ئەندامی حوسییەکان و فەرماندە گرینگەکانی ئەم گرووپە کوژراون.
ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە وردبینیی ئەم هێرشە دزەکردنی قووڵی هەواڵگری لە پێکهاتەی نێوخۆیی حوسییەکان نیشان دەدات و جۆری بەئامانجگرتنەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی، داڕمانی تەواویەتی میحوەرەکەی ئەلتەحیتا بووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، هێرشی ئەمریکا بووە هۆی داڕمانی کاتی فەرماندەیی میحوەری ئەلتەحیتا و بەهۆی کوژرانی بەرپرسانی زانیاری و دارایی، تۆڕی پەیوەندی و سەرچاوە داراییەکانی ئەم میحوەرەش بەهەمان شێوە داڕما.
لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی میلیشیا حوسییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر ماڵێک لە گەڕەکی "شعوب" لە ڕۆژهەڵاتی پایتەختی یەمەن چوار کەس کوژراون.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی ئەلفازە لە باشووری شاری حودەیدە لە ڕۆژاوای یەمەن، ٧٠ ئەندامی حوسییەکان لە نێویاندا فەرماندە مەیدانییە باڵاکان و کارناسانی سپای پاسداران کوژران.