کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ

12:10 - 18 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک حەسەن ئەمین عەشایری، ناسراو بە حەسەن ئاغا، ئەندامی دێرینی حیزب بە هۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

کاک حەسەن لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و دێموکراتپەروەر لە ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە ئاوایی "جەڕان" لە ناوچەی لاجانی پیرانشار لەدایک بووە.

بەهۆی ئەوەی باوکی ناوبراو واتا مام ڕەسووڵ ئەمین عەشایری لە کۆماری کوردستانەوە وەک ئەندام و پێشمەرگە تێکەڵاو بە خەباتی حیزبی دێموکرات بووە ، حەسەن ئاغاش لەم رێگایەوە بووە هۆگری حیزبی دێموکرات.

حەسەن ئاغا سەرەڕای پیشەی مامۆستایەتی لە قوتابخانەکانی پیرانشار، وەک ئەندامێکی نهێنیی حیزبیش کار و چالاکی هەبووە و چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بانگ کرا و ئەزیت و ئازاریان دا تا دوای ئاشکرابوونی و مەترسیی دەسبەسەرکرانی، بە بنەماڵەوە پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو و دواتر لە وڵاتی نۆروێژ وەک پەنابەری سیاسی گیرسایەوە.

کاک حەسەن تا دوا هەناسە وەک ئەندامێکی دڵسۆز، وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مایەوە و بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئازادیی نیشتمانەکەی ببینێ و لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.