
کرماشان تاکە پارێزگایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە هێشتا دەرمانخانەی هیلالی ئەحمەری نییە و ئەو بابەتە کێشەی گەورەی بۆ نەخۆشە تایبەتەکان دروست کردووە.
تا ئێستا چەندین جار هەواڵی نەبوونی دەرمانخانەی هیلالی ئەحمەر و کێشەی کەمی، گرانی و دەستنەکەوتنی دەرمان لە پارێزگای کرماشان لە میدیاکان، ڕۆژنامە و ماڵپەرە جیاوازەکاندا بڵاو کراوەتەوە بەڵام ئەو کێشەیە هەروا بەردەوامە و ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
ڕۆژنامەی باختەر لەم پێوەندییەدا بڵاوی کردووەتەوە کە پارێزگای کرماشان، بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و هەلومەرجی تایبەتی خۆیەوە، لە بواری دەرمان و دەرمانخانەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە، کە گرنگترینیان نەبوونی دەرمانخانەی هیلالی ئەحمەر لەو پارێزگایەیە، کە یەکێک لەو دامەزراوە بەناوبانگانەی دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەکانە.
نەبوونی دەرمانخانەی مانگی سوور لە کرماشان کێشەی زۆری بۆ نەخۆشەکان دروست کردووە. ئەم کێشانە بریتین لە نەبوونی خێرای دەستڕاگەیشتن بە هەندێک دەرمان، پشتبەستنی نەخۆشەکان بە دەرمانخانە تایبەتەکان کە ڕەنگە دەرمانەکان بە نرخێکی گرانتر پێشکەشی بکەن. هەروەها تێچووی ڕۆیشتن بۆ پارێزگاکانی دیکە بۆ دابینکردنی دەرمان. چونکە زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشییە تایبەتەکان، وەک شێرپەنجە و چەندین نەخۆشیی دیکە بۆ بەدەستهێنانی دەرمانەکانیان و ناچارن ڕوو لە پارێزگاکان و شارەکانی دیکە بکەن و ئەمەش هەم تێچووی دارایی و هەم گوشاری جەستەیی و دەروونیی گەورە دەخاتە سەر نەخۆشەکان.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی پارێزگاکان و ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم چەندین جار جەختیان لەسەر دامەزراندنی دەرمانخانەی هیلالی ئەحمەر لە کرماشان کردووەتەوە. بەڵام سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، ئەم داواکارییە گرینگەی خەڵک هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە نەبوونی دەرمانخانەی هیلالی ئەحمەر لە کرماشان دەتوانێ لێکەوتەی کۆمەڵایەتیشی هەبێت. زیادبوونی ناڕازیبوونی گشتی، زیادبوونی سەردانی ناپێویست بۆ دەرمانخانەکانی دیکە و تەنانەت دروستبوونی بازاڕی ڕەش و زاڵبوونی مافیاکانی دەرمان بەسەر بازاڕی دەرمان لەو حاڵەتانەن کە کەم و زۆر ڕوویان داوە.
لە لایەکی دیکەوە پێشتر هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە دەرمانخانەکان ئیتر لەگەڵ ناوەندی بیمەکان بە هۆی هەبوونی قەرز کار ناکەن و ئەو کێشەیە لە ئێستادا هەر بەردەوامە و دۆخی کڕینی دەرمانی بۆ نەخۆشەکان چەند قات دژوارتر کردووە.
هەر چەندە ڕەزا تەحویلیان بەرپرسی بیمەی سەلامەت ئیدعای کرد کە ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی و ئێمە بەرانبەر دەرمانخانەکان قەرزدار بووین بەڵام ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە.
بەڵام هەر لەو پێوەندییەدا هاوڵاتییەک بە تۆڕی میدیایی مێرسادی ڕایگەیاندووە کە بۆ شیمی دەرمانی ودەرمانی تایبەت بە شێرپەنجە چەندین دەرمانخانە گەڕاوم بەڵام نەبووە و لە ئێستادا بیمە دەرمانگەلی وەکوو دەرمانی شێرپەنجە لەخۆ ناگرێت و خەڵک ناچارە خۆی دابینی بکات و سەرەڕای کەمی، نرخیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە.