کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینێک بۆ ڕاگرتنی چالاکیی کانگاکانی زێڕی شاری سەقز و تیکاب بەڕێوە چوو

12:35 - 18 خاکەلێوه 2725

کۆمەڵێک لە کارناسان و پسپۆڕانی ژینگەیی و هاووڵاتییانی پارێزگاکانی سنە، ورمێ و تەورێز کەمپەینێکیان بۆ ڕاگرتنی بەپەلەی چالاکییەکانی کانگای زێڕی شاری سەقز و هەروەها دوو کانگای زێڕی "زەڕشۆران و ئاق دەرە"، کە دەبێتە هۆی خەساری قەرەبوونەکراوی ژینگەیی، بەڕێوە بردووە.

کەمپەینەکە ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانی ئەم کانگایانە بەتایبەتی کانگای زێڕی شاری سەقز کە دەکەوێتە ناوچەی سەرچاوەکانی ڕووباری "جەغەتوو" دەبیتە هۆی پیسبوونی مەترسیداری سەرچاوە ئاوییەکان و هەروەها کانزا قورسە ژەهراوییەکان تێکەڵ بە کەشوهەوای ناوچەکە دەکات.

ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە ئەم پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی نەخۆشی و ئاڵۆزیی بۆماوەیی و شێرپەنجە لە نەوەکانی داهاتووی ئەم ناوچەیەدا.

کەمپەینەکە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی کارناسانی بواری ژینگە ڕایگەیاندووە کە کانگای زێڕ دەتوانێت ببێتە هۆکاری بەشێکی زۆر لە پیسبوونی ئاو و خاکی ناوچەیەک و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە چونکە بەشێک لە ئاوی بەنداوی شاری بۆکان لەم ناوچەیەوە دابین دەکرێت، ئەوە دەبیتە هۆی پیسبوونی ئاوی ئەم بەنداوە کە کارەساتێکی ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.

جێی ئاماژەیە کە ئاوی ئەم بەنداوە تاکوو گۆلی ورمێ و هەروەها بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە ناوچەکانی سەقز تاکوو تەورێز کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

سەرەڕای هەموو ئەم مەترسییانە لەسەر گیان و ژیانی خەڵکی ئەم ناوچانە، داهاتی ئەم کانگایانە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک تێدا نییە و پارەکەی خەرجی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی ڕێژیم لە جیهاندا دەکرێت و تەنیا پیسی و نەخۆشی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێ دەمێنێتەوە.