
ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، نانەواخانەکانی پارێزگای کرماشان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بارودۆخی سەختی کار و ژیان و بێباکی و ناکارامەیی بەرپرسان لە بەرامبەر کێشەکانیان، لە بەردەم بینای پارێزگای کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
نانەواکان ڕەخنەیان لە بارودۆخی سەختی کارکردن گرت و ڕایگەیاند کە تێچووی زۆری کەرەستەی خاو و ناسەقامگیریی ئابووری وای کردووە نەتوانن لە چالاکییەکانیان بەردەوام بن.
هەروەها هاوکات بڕیارە نانەواخانەکان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کاتژمێر ٩ی بەیانی لە بەردەم سەندیکا و یەکەکانی شار و پارێزگاکان کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بگەیێنن.
شایانی باسە نانەواکان داوای دادپەروەری دەکەن، و هۆشدارییان داوە کە بەردەوامیی گوێنەدان و بێباکیی کاربەدەستان و دەسەڵاتداران، دەبێتە هۆی فراوانترکردن و گشتگیرکردنی ناڕەزایەتییەکان.