
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسێکی ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، فەرمانی ئامادەباشیی بە هێزە چەکدارەکان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە بریتانیاییە کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ فەرمانی ئامادەباشی بە هێزە چەکدارەکان هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێ کردووە کە لە ئەگەری کردنەوەی هەرێمی ئاسمانی یان ڕێگەدان بە کەڵکوەرگرتنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە خاکی ئەم وڵاتانە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، کاردانەوەی قورسی کۆماری ئیسلامیی بەدواوە دەبێت.
ئەم بەرپرسە بۆ ڕۆیتێزرزی زیاد کردووە کە ئەگەرچی ئێران لە ئێستادا داواکاریی ترامپ بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆی ڕەت کردووەتەوە بەڵام مەیلی بەوە هەیە کە وتووێژەکان بە شیوەی ناڕاستەوخۆ بچێتە پێشەوە.
لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ناوکییەکانی تاران لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکترە.
دۆناڵد ترامپ پاش دانانی کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ و واژۆکردنی فەرمانی گوشاری هەمەلایەنە بۆ سەر ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسی و دوایین مۆڵەتی بۆ دانوستان پێ ڕاگەیاند.
بەپێێ لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ و زانیاریی سەرچاوە ڕۆژاواییەکان، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نامەکەیدا بە ڕاشکاوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەمە کۆتا دەرفەتە بۆ وتووێژ و ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ناوکییەکان نەیەتە ئاراوە، ئێران بوردۆمان دەکرێت.
ئەمریکا پاش ئەم هەڕەشانە کۆمەڵێکی زۆر فڕۆکە و کەشتیی شەڕکەری هێناوەتە بنکەکانی خۆی لە ناوچەکەدا و هەروەها چەند سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دیکەی بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە زیاد کردووە.