
هەگبەی شاخ و شۆڕش (بێجان عەلیزادە)
دەبێ بینووسمەوە مێژووم، دەبێ بیڵێمەوە ناوم
بناسرێم با وەکوو شەیدای وڵاتێک وا نەناسراوە
برایم چووکەڵی
لاوانی شۆڕشگێر و خەباتکاری کورد لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و سەروەریخوازیی گەلەکەیان بە خوێنی خۆیان نووسیوەتەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی کوردیان بە دنیا گەیاندوە و نەیانهیشتوە بۆ ساتێک دەنگی ئازادی کپ ببێ و بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئازادی لە بەرەنگاری و گیانفیداییدا بوون. ئەو شۆڕەسوارانە بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادیی نەتەوەکەیان هیچ کات لە خەبات نەوەستان و ئەو خەباتە هەمیشە لە گەشەکردندا بووە، و ئاڵای خەبات لەو سۆنگەیەوە هەر شەکاوە ڕاگیراوە. لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا سەرێک لە دەڤەری شومالی کوردستان دەدەین و دەگەڕێینەوە بۆ ٣٥ ساڵ بەر لە ئێستا و لەنێو دەیان خونچەی تازە پێگەیشتوو لەنێو باخچەی پێشمەرگە و فەرماندەراندا یادێک لە شەهید "بێجان عەلیزادە" بکەینەوە.
بێجان ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە گوندی هۆدەر لە ناوچەی سۆما لە دایک بوو. باوکی وەک کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ هاوخەباتی سمکۆی شکاک بوو و چەندین جار دژی ڕێژیمی ڕەزاخان بەربەرکانی کرد و وەک تیکۆشەرێکی ئازا سەریشی لەم ڕێگایە بۆ نەتەوەکەی دانا. شەهید بێجان عەلیزادە ناسراو بە بێجان شکاک لەو کەسانە بوو کە بە هەموو وجوودەوە هەروەک باوکی لە خزمەت بە گەل و نیشتماندا بوو. له تهمهنی منداڵیدا زور چالاك و چاونەترس بوو، له هيج شتك سڵی نەدەكردەوه و سوارچاك بوو و شارەزایی باشی لە جۆرەکانی چەکدا هەبوو. کاتێک ئاڵای کوردستان لە شاری مەهاباد دەشەکایەوە، تەمەنی بێجان ١٩ ساڵە بوو، و وەک پێشمەرگەی کومار دەستی بەخزمەت کرد. دوای نسکۆی ڕووخانی کۆماری کوردستانیش ئەو لەگەڵ بارزانییەکان ڕووی لە یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو کرد.
شەهید بێجان یەکێک لەو ٥ قوتابییە بوو کە لە سۆڤییەتی پیشوو ڕەوانەی زانکۆ کران و سەرەتا زانستە سیاسییەکانی خوێند، پاشان دیپلومی بەرزی لە کولێژی سەربازی وەرگرت. هەر لەوێ لەگەڵ کچێکی ڕووسی ژیانی هاوبەشی پێكهێنا و دوو منداڵ بەرهەمی ئەو ژیانە بوو.
پاش هاتنە سەرکاری عەبدولکەریم قاسم لە عێراق و گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ کوردستان، شەهید بێجانیش گەرایەوە و لە بەغدا لە زانکۆی مستنسرییە وەک مامۆستای زانکۆ دەستی بە دەرس گوتنەوە کرد. شەهید بێجان لە شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستاندا وەک ئامر بەتالیونی هێزی باڵک کاری لە سەنگەری خەباتدا بوو و زۆر شەڕی قارەمانانەی کرد و بەشێک لە شەڕی بەناوبانگی خارکووکی فەرماندەیی کردوە. پاش نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٤ ئەویش گەرایەوە ئێران و لەگوندی هۆدەری سەڵماس جێگیر بوو.
دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئیران شەهید بێجان بەهۆی نیزیکایەتی لە ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوو بە ئەزموونی دەیان ساڵ خەباتەوە پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو لە ناوچەی سەڵماس دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کردەوە. بێجان هێزی ئەو دەڤەرەی سازمان دا و جارێکی دیکە لە لاوانی سەلماسی لە دەوری ئاڵای حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی پێشەوا قازی محەممەد کۆ کردەوە. بێجان لە شەڕی سێ مانگەدا ڕۆڵی گرینگی گێڕا و لەنێو شاری ورمیێ بەدژی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی ئەرکی گرینگی کەوتە سەر شان و بە هۆی زیرەکی و هەست بە بەرپرسایەتیکردنی بوو بە خۆشەویستی پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندە. بێجان لە ئاست دوژمن وەک پۆڵا وا بوو، نەترس و بە ورە، بۆ دوژمن توندوتیژ، بۆهاوسەنگەران و خەڵکی نیشتمانەکەی هاوڕێ و پێشمەرگەیەکی مێهربان بوو.
لە هەموو شەڕەکانی ناوچەی شوماڵدا زەبری کاریگەری لێ دەدان. لە شەڕی گەردەنەی گەمارۆی ورمێ ئاوری لەسەر پشتی دوژمن کردەوە و دڵی دوژمنی وەلەرزە دەخست. بە چەشنێک تا ئیستاش ئەو حەماسەیە لە دڵی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە. ئازایەتی و قارەمانەتی شەهید بێجان وای کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر پیلانی بۆ داڕشت و زۆر جار خۆفرۆشانی پێو شوێنی دەکەوتن، بەڵام هەمیشە بە وشیاری پیلانەکانی پووچەڵ دەکردەوە.
بەداخەوە دواجار پیلانی دوژمنان سەری گرت و بێجانی قارەمانی زوو لە حیزبی دێموکرات ئەستاند و لە ساڵی ١٣٥٩ پەلاماری گوندی هۆدەر درا و ڕۆڵەی قارەمانی دێموکرات شەهید بوو و گیانی پێشکەش بە ڕێگای ئازادی کرد. ڕۆڵەیەک کە هەموو ژیانی لە تەمەنی ١٩ ساڵییەوە بۆ نەتەوەی کورد تەرخان کرد و لەو پێناوەشدا سەری دانا.
بەوپەری بەرزی سەران بەرچاوی
ئاگری سوورە کەژی خوێناوی
کوردە سەڵماس بە بەژنی جوانی
خوێنی لێ دەتکێ گوڵ و ڕێحانی
کەڵەشی، شەمشە، کەریمی، بێهنام
قاسمی، حاجی نەجاتی پڕ زام
شێرە باپێر و نەحۆی کوردستان
قارەمانانی تروپکی کوێستان
دەس پڕئەزموون بەهەوای حەقخوازی
گیانی بەخشی بە گەل، بێجان شکاکی