
چۆماخ و هەڵپەڕکێ دەربڕی هەست و سۆزن
دارسمە
هەست و سۆز نەک هەر لە مرۆڤدا بەڵکوو لە ئاژەڵانی کێوی و کەویشدا بەرچاوە. دەکرێت لە بواری هەست و سۆزەوە زیندەوەرانی بەڕێز و بێڕێز بە سەر دوو بەشی جودادا دابەش بکرێن. بەشێکیان ئەوانەن سۆزی خۆشەویستییان بەهێزە و بەشەکەی دیکەش ئەوانە دەگرێتەوە هەستی توڕەییان بەسەر هەست و سۆزی خۆشەویستیدا زاڵە.
ئەگەر بە وردی و بە قووڵی بە ناخی دوو هەستی خۆشەویستی لەلایەک و تووڕەیی و قینلەدڵی لە لایەکی دیکەدا بچینەوە، بۆ دەربڕینی هەردوویان دەکرێت بە جوودا بیر لە جووڵە و هەڵسوکەوتی جودا بکەینەوە. لە نێو ئاژەڵاندا بۆ دەربڕینی هەر دوو هەستەکە بە وردی کەلک لە ئەندامانی جەندەک و لەش وەک شاخ، سم، ددان، بۆنپێوەکردن و خۆ ڕەیەکترخشاندن و ئەم شتانە وەردەگیرێت. لە نێو ئاژەڵاندا ئەوانەی یەکتریان زۆر خۆشدەوێت، بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی خۆ ڕەیەکتر دەخشێنن، شان بە شانی یەکتر دەوەستن و جاروبار بۆن بە یەکترەوە دەکەن و تەنانەت یەکتریش دەلێسنەوە.
ئەو کەسانەی لە گوندان ژیاون یان هەر نەبێت لە شارەوە سەردانی گوندانیان کردوە و بە گۆلک ناڵێن بەچکە مانگا و بە بەرخ ناڵێن فەرخەی مەڕ و بە جاشک ناڵێن بەچکەی کەر، دیتوویانە چۆن مانگا گۆلکی خۆی دەڵێسێتەوە یان هێندێک ئاژەڵ (بیلامانێ و عەیبنەبێت) بۆن بە هێندێک شوێنی یەکترەوە دەکەن. هەر ئەم ئاژەڵانە بۆ دەربڕینی بێزاری و هەستی دوژمنایەتیش کەلک لە ئەندامانی لەشیان وەردەگردن و بە ددان و درێژووکە و قۆچ و مۆچ و قەپگرتن و جووتە هاویشتن و ئەمجۆرە شتانە هەستی تۆڕەیییان دەردەبڕن.
مرۆڤ پێچەوانەی ئاژەڵان، تەنیا گیانلەبەرێکە بەردەوام خەریکی داهێنانە و شتی نوێ بەرهەم دێنێت و دەستی بە کەرەستەی پێشکەوتووی داهێنراوی خۆی ڕادەگات. مرۆڤ زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەرەستانەی دروستیان دەکات، لە پێناو دەربڕینی هەستی دوژمنداری و ڕق و قیندا کەلکیان لێ وەردەگرێت. تانک، فرۆکەی جەنگی، تۆپی دوورهاوێژ و هەموو جۆرە چەکێکی وەک بۆمبا و تەنانەت پشتێنی خۆتەقاندنەوەش لەو کەرەستە پێشکەوتووانەن بۆ دەربڕینی هەستی قین و تووڕەیی کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
ئێمە وەک مرۆڤ، دوای ئەم هەموو پێشکەوتنانە بۆ دەربڕینی سۆزی خۆشەویستی تەنیا چەند جووڵەیەکی وەک چاوداگرتن، باوەش پێداکردن و ماچکردنمان بەدەستەوەیە. هەموو مرۆڤێکی سەر زەوی خاوەنی ئەم کەرەستانەن و زۆریش کەلکیان لێوەردەگرن.
لەم کوردستانەی خۆشمان کەرەستەیەکی تایبەت بۆ خۆشەویستی و چەندین کاری سۆزدارانەی باش و مرۆڤویستانە بەردەستە و ئەویش هەڵپەڕکێیە. هەڵپەڕكێ بە بەردەوامی جۆرێک یان چەند جۆر یانیش هەموو ئەم ئاکامانەی خوارەوە و زۆرجار زیاتریشی لێ دەکەوێتەوە:
١- کۆڕی شایی و زەماوەندی بووک و زاوا دەڕازێنێتەوە.
٢- بەشداران فێری هاوئاهەنگی و هاوهەڵوێستی دەکات.
٣- بەهۆی بیستنی دەنگی مۆسیقا و پێوەندیی نێوان ئەندامانی لەی مرۆڤ وەک مێشک و شان و ئەژنۆ و دەست پێ، شێوازی جووڵەی هەموو بەشداربووان ڕێکدەخات.
٤- دەبێتە هۆی شادی و دڵخۆشبوونی بەکۆمەڵ و پێشاندانی خۆشەویستیی نێوان ژن و پیاو و تەنانەت ئەوانەی سەیری هەڵپەڕکێش دەکەن.
٥- ئەوانەی لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایتییەکانیش سەیری هەڵپەڕکێ دەکەن، هەستی خۆشەویستییان لا دەوروژێت و هەر نەبێت سەروملی دەگەڵدا دەلەقێنن.
٦- لە گەڕی هەڵپەڕێکدا ژنان مافیان لە پیاوان زیاترە و سەرەتا پیاوان بەکۆمەڵ هەڵدەپەڕن و دواتر ژنان خۆیان هەڵدەبژێرن لەگەڵ کام پیاوان هەڵپەڕن.
تێبینی بۆ خاڵی ژمارە شەش: لەم دواییانەدا پاش ئەوەی ژنان لەسەر جادە و مادە و خیابان و میابانان لە پێش پاسە کورتەکانی چاودێرانی ڕووپۆشی ئیسلامی زیاتر دەردەکەون، لەکاتی دەسپێکردنی هەڵپەڕکێ ئەوەندە گوێ بە پیاوان نادەن و وێڕای پیاوان هەر لە سەرەتاوە خۆ داوینە نێو هەڵپەڕکێ و سەرچۆپی و گاوانیش دەگرن.
سەرچۆپی و گاوانی بە کەسانی یەکەم و ئاخری هەڵپەڕکێ دەگوترێت و ئەم دوو شوێنەش لەم دواییانەدا بەدەست ژنانەوەن. ژنان وەک ڕێبەری سەرچۆپی لە سەرتای گەڕی هەڵپەڕکێدا هەڵدەسووڕێن و لە گاوانیش شانی وەبەر دەدەن و یارمەتیی ڕێکخستنی دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە مرۆڤ لە سەردەمی زۆر کۆندا هەر زۆر زوو بەرلەوەی ئەم هەموو تانک و تۆپ و تفەنگ و فڕۆکە و مووشەکە دروست بکات و پشتێنی تەقینەوە لە نێوقەدی خۆی ببەستێت، چۆماخی دۆزیوەتەوە. مرۆڤی سەرەتایی هەر بە ڕێکەوت بەسەر چۆماخدا کەوتووە. ڕەنگە چیرۆکی دۆزینەوەی چۆماخ بەم شێوەیە بێت، یەکێک لە ترسی ئاژەڵێکی دڕندە یان کەسێکی دیکە، وەک مەیموون خۆی بە لقی دارێکەوە هەڵواسیبێت و لە ناکاو لقەکە داشکابێت و ئەویش لقە شکاوەکەی وەک چۆماخێکی سەرەتایی بە دەستەوە گرتبێت. ئەم مرۆڤە بههۆی ئەم چۆماخە سەرەتاییەوە بەرانبەرەکەی خۆی تێکشکاندبێت. هیچ بە دووری مەزانن ئەم چۆماخ بەدەستە سەرەتاییە، دوای ئەوەی گەڕابێتەوە نێو خێزان و کەسوکاری، ئەگەر زمانیشی نەزانیبێت، بە ئێما و ئاماژە و هەسووڕاندنی دەست و پەنجە و گڕبوونەوە و خۆ مۆڕکردنەوە، چێرۆکی دۆزینەوەی چۆماخ و سەرکەوتنی بەرانبەر بە نەیارەکەی گێڕابێتەوە و لە نێو هۆزەکەیدا وەک دۆزەرەوەی چۆماخ ڕێز لە خۆی و نەوکانیشی گیرابێت.
هەر ئەم چۆماخەشە لەم دواییانەدا لە کارگەی پێشکەوتوو ڕێکوپێک دەکرێت و ئەو بەشەی دەکەوێتە دەست بەکاربەرەوە لێک و لووس دەکرێت و بۆ ئێشاندنی ئێسقانی شان و پیل و کاسەسەر و ئەژنۆ و بەلەکی نەیاران دەکار دەکرێت و دەبێتە هۆی دەربڕینی هەستی تووڕەیی و مڕچ و مۆنی. هەر ئەم ژان و ئێشانەشە وای کردووە لە سەدمی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیدا چۆماخ ببێتە کەرستەیەکی باش بۆ بەرنگاربوونەوەی هەڵپەڕكێ و بەریەککەوتنی توندی دوو هەستی خۆشەویستی و سۆزداری و بێزاری لەگەڵ ڕق و قین و داخلەدڵی ئاشکراتر پێشان بدات.