کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوار گرووپی میلیشیای سەر بە تاران چەک دەکرێن/ پاشەکشێی کۆماری ئیسلامی لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا

10:45 - 19 خاکەلێوه 2725

چوار گرووپی میلیشیای سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق بەهۆی مەترسی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەریان، ئامادەیی خۆیان بۆ چەککران دەربڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە، چەند گرووپی میلیشیای عێراقی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ئامادەیی خۆیان بۆ دانانی چەک دەربڕیوە تاکوو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرش نەکرێتە سەریان.

بە وتەی چەند فەرماندەی باڵای ئەم گرووپانە، ئەم بڕیارە پاش ئەوە دراوە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە مانگەکانی ڕابردوودا چەند جار هۆشداریی داوەتە بەغدا کە ئەگەر ئەم گرووپانە هەڵنەوەشێنەوە، دەکەونە بەر تەوژمی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.

ڕۆیتێرز لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەم گرووپانەوە هێناویەتی کە تاکوو ئێستا ڕوون نییە پڕۆسەی چەک دانانی ئەم گرووپانە بە چ شێوەیەک دەبێت بەڵام ئەگەری بوونی ئەم گرووپانە بە حیزبێکی سیاسی یان تێکەڵ بوونیان لەگەڵ ئەرتەشی عێراق یەکێک لە بژاردەکانە.

جێی ئاماژەیە کە ئەم گرووپانە لە چوارچێوەی گرووپی مقاومەتی ئیسلامیی عێراقن کە نزیک بە ٥٠ هەزار چەکداریان هەیە و هەروەها لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە مووشەکی دریژمەودا و دڕۆنی خۆتەقێنیان ڕادەست کراوە کە پاش دەسپێکی شەڕی غەززە بە دژی ئیسرائیل بەکاریان هێناوە.

پاشەکشێی ئەم گرووپانە لە پێگەکانی خۆیان لە دوای هەڕەشەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ و هەروەها لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریە ڕووی دا.

بە بڕوای زۆرێک لە چاوەدێران و کارناسانی سیاسی، ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد لە سووریە و پچڕانی ڕێگەی ناسراو بە "هیلالی شیعی" بووەتە هۆکاری سەرەکیی لاوازیی کۆماری ئیسلامی لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆی و پەرەدان بە بەرەی ناسراو بە بەرەی "مقاومەت".

 

هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و لەنێوبردنی هەموو فەرماندە و ڕێبەرە باڵاکانی ئەم دوو گرووپە، کاریگەریی بەرچاوی لە پاشەکشێی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بووە.

هاوکات لەگەڵ هەموو ئەمانە هێرشی بەردەوامی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن، یەکێکی دیکە لە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا، تا ڕادەیەکی بەرچاو توانی تاران و میلیشیاکانی دیکەی لە عێراق چاوترسێن بکات.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پێشتر چەند جار دووپاتیان کردووەتەوە کە چیتر ڕێگە بە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی نادەن وەک ڕابردوو لە ناوچەکەدا چالاکی بکەن.

ئەوەی کە لە ئێستادا دیارە پاشەکشێی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە گشتییەکانی خۆی بەتایبەتی لە ناوچەکەدا و هەروەها دەرخستنی لاوازیی خۆی لە بەرامبەر بڕیارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە.