کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئێران بەرپرسیاری ٦٤ لەسەدی لەسێدارەدانەکانی تۆمارکراو لە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤ـە

10:54 - 19 خاکەلێوه 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەژێر ناوی "حوکمی لەسێدارەدان و جێبەجێکرانی لە ساڵی ٢٠٢٤" ڕایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی لەسێدارەدانە تۆمارکراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە هەزار و ٥١٨ کەس کە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەرزترین ژمارەیە، زیاتر لە ٩١ لەسەدی ئەو لەسێدارەدانانە تەنیا لە سێ وڵاتی  ئێران و عێراق و عەرەبستان ئەنجام دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەند ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە ساڵی ٢٠٢٤دا سزای لەسێدارەدانیان ئەنجام داوە تەنیا ١٥ وڵات بووە، و ئەمە کەمترین ڕێژەیە کە تۆمار کراوە، بەڵام بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەوتێکی نیگەرانکەر بووە.

چین، ئێران، سعوودیە، عێراق و یەمەن لە لووتکەی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین لەسێدارەدانیان تۆمار کردووە.

لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٧٢ کەس لە سێدارە دراون کە ٦٤ لەسەدی هەموو ئەو سێدارە تۆمارکراوانەی جیهان پێک دەهێنن. ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم ١١٩ کەسی زیاتر لە ساڵی پێشوو لە سێدارە داوە. ژمارەی ئێعدامەکانی تۆمارکراو لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٨٥٣ کەس بووە.

هەروەها ئاماری لەسێدارەدانەکانی عەرەبستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو بەرابەر زیادی کردووە و عێراقیش نزیکەی چوار بەرابەر ژمارەی ئێعدامەکانی زیاد کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هۆشداری داوە کە لە هێندێک وڵات لەوان ئێران و عەرەبەستان سزای لەسێدارەدان بووەتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دژبەرانی سیاسی، خۆپیشاندەران، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەییەکان.

بەشێکی بەرچاو لەو لەسێدارەدانانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراون (زیاتر لە ٤٠٪) پەیوەندییان بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە؛ کارێک کە پێچەوانەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.