
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی وزە لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم وتوویەتی: ئەم هاوینە جگە لە پچڕانی ئاو و کارەبا، لەگەڵ ئەگەری پچڕانی بەربڵاوی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتیشدا بەرەوڕوو دەبینەوە.
فەرهاد شەهرەکی نوێنەری زابۆل لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی شەفەقنا ڕایگەیاند کە بەهۆی بەردەوامی و درێژخایاندنی پچڕانی کارەبا لە ساڵی ڕابردوودا باتریی دەکەڵەکانی موخابرات لە سەرانسەری ئێراندا زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
ناوبراو هۆشداری دا کە ئەگەر لە بەهاردا ئەم باترییانە نەگۆڕدرێن لە کاتی پچڕانی بەردەوام و بەرفراوانی کارەبا لە هاویندا، پچڕانی بەرفراوانی هێڵەکانی پەیوەندی و ئینترنێت لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا دروست دەبێت.
مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیا و زانیارییەکانی ئێران دانی بەوەدا نا کە کەمیی لەڕادەبەدەری کارەبا و پچڕانی کارەبا لە ئێران، بووەتە هۆی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و پێوەندیی بەشێکی زۆری شار و ناوچەکان.
هەروەها لە کاتێکدا ئێران ساڵانە گەشەی بەرهەمهێنای کارەبای تا ٧٪ بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا گەشەی بەرھەمهێنانی کارەبای کەمتر لە نیوەی ئەم ڕێژەیە بووە.
کەمیی کارەبا لەوپەڕی بەکارهێنانی هاوینی ساڵی ١٤٠٢ نزیکەی ١٢ هەزار مێگاوات بوو، و لە هاوینی ڕابردووش ئەم کەمهێنانە گەیشتە ٢٠ هەزار مێگاوات و پێشبینی دەکرێت کەمیی کارەبا لەمساڵدا بگاتە ٢٥ هەزار مێگاوات، کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لانیکەم ٢٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی پێویستە.
ئێران بە هۆی بەفیڕۆدانی داهاتی نەوت و گەمارۆکان و کەمیی جیددیی بوودجە، بەردەوام تووشی کێشەی قەرز و کەمیی وەبەرهێنان بووەتەوە.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە کێشەکانی کەم ئاویش لە ئێراندا هەیە و ڕاگەیندراوە کە قووڵایی بیرەکان لە زۆر ناوچەدا گەیشتووەتە ٢٠٠ مەتر، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ قەیرانێکی جیددی و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی.
کێشەی کەم ئاوی لە سەرانسەری ئێراندا هەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، سەرجەم پارێزگاکان جگە لە پارێزگای گیلان، مازەندەران و خوراسانی ڕەزەوی ڕووبەڕووی کەمیی ڕێژەی بارانبارین و کەم ئاوی بوونەتەوە.
شارەزایان پێیان وایە ساڵانێک بەڕێوەبردنی ناکارامەی سەرچاوەکانی ئاو، زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی پاشەکەوتی ئاوی ژێر زەوی، دروستکردنی زیادەی بەنداوەکان بەبێ پرەنسیپێکی دیار و تەرخانکردنی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییەکان، ئێرانی تووشی کێشە کردووە و وڵاتەکە وردە وردە تووشی "کارەساتێکی ژینگەیی" دەبێتەوە.