
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە" تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز، کە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، تاکو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە گرتنگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگیراوە.
بە وتەی کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەمجەد ساڵحزادە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هاووڵاتییە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەڕێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.