
سەرچاوەکانی کاناڵی ئەلعەرەبیە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەکانی حوسییەکان لە شاری سەنعا، مارب، ئەلحودەیدە و کێوی ئەلمحسام لە شاری حەرەز کە دەکەوێتە پارێزگای حەجە.
ئەم سەرچاوانە هەروەها زیادیان کرد کە دوو هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا کۆگاکانی چەکی حوسییەکانیان لە دوورگەی کمران لە حودەیدە کردووەتە ئامانج. لە هێرشێکی دیکەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا کۆگایەکی تەقەمەنیی حوسییەکانیان لە ناوچەی ئەلجوبە لە پارێزگای مارب کردووەتە ئامانج.
هەروەها سەرچاوەکانی ئەلعەرەبیە ڕایانگەیاندووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە پێنج هێرشی ئاسمانیدا کەمپی ئەلجەمیمە لە ناوچەی بەنی حەشیش لە سەنعایان کردووەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە گرووپی حوسییەکان ڕایگەیاند کە عەقید عەبدولناسر سەرحان ئەلکەماڵی یەکێک لە فەرماندەکانی هەواڵگریی ئەو گرووپە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا کوژراوە.
سەرچاوەکان هەروەها ڕایانگەیاند کە ئەم گرووپە بە پاڵپشتیی تاران بە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ماڵی فەرماندەکانی حوسی، شەپۆلی دەسبەسەرکردنیان لە سەنعا دەست پێ کردووە.
دەوترێت جێگری بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی حوسییەکان بە تۆمەتی ئاشکراکردنی هێندێک زانیاری لەسەر شوێنە بۆردومانکراوەکان دەسبەسەر کراوە.
لە ١٥ی مارسی ئەمساڵەوە ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی بەربڵاوی بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەست پێ کردووە و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەو گرووپە کوژراون.
دۆناڵد ترامپ، وادەی داوە حوسییەکان لەنێو ببات و هۆشداریشی دایە ئێران کە واز لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە بهێنێت.