کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ، ئێران بە هۆکاری هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەزانێت

12:28 - 19 خاکەلێوه 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی پشتیوانییەکانی لە حەماس بووەتە هۆی هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ئەم گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل.

سەرۆککۆماری ئەمریکا پێش لە چاوپێکەوتن و دانیشتنی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە هەواڵنێرانی وتووە: "لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووداوگەلێکی زۆر لە پێشە و دەبێت شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم ناوچەیە کۆتایی پێ بێت، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کێشەیەکمان نەبوو تاکوو حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل کە هۆکارەکەی ئێران بوو".

ناوبراو جارێکی دیکە قسەی خۆی سەبارەت بەوەی کە ئێران لە کاتی سەرۆککۆماریی ئەودا هیچ پارەیەکی بۆ پشتیوانیکردن لە میلیشیاکانی نەبوو دووپات کردەوە.

یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە ڕایگەیاندبوو کە حەماس لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لە نامەیەکدا داوای ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری لە ئێران کردبوو تاکوو پلانی لەنیوبردنی ئیسرائیل جێبەجێ بکات.

کاتس زیادی کردبوو کە بەپێی کۆمەڵێک بەڵگەنامە کە لە تونێلەکانی حەماسدا دەستی ئەرتەشی ئیسرائیل کەوتووە، یەحیا سینوار و فەرماندە باڵاکانی حەماس داوایان لە سپای پاسداران کردووە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ مانگانە ٢٠ میلیۆن دۆلار ڕادەستی ئەم گرووپە چەکدارە بکات تاکوو پلانی لەنێوبردنی ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وڵامی سپای پاسداران بەم داواکارییەی حەماسی بڵاو کردەوە کە باس لەوە کراوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەم گرووپەیان ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووریی ئێران و کێشەی بژیوی ژیانی خەڵکی ئێران، یارمەتییەکانیان بۆ حەماس بەردەوام دەبێت بەڵام ناتوانن مانگانە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن.

ڕۆژنامەی تایمز لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە حەماس ٢٢٢ میلیۆن دۆلاری بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل لە ئێران وەرگرتووە.