کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەری کەڵافی دانوستانان لەنێو جامی ژەهردا ون بووە

00:51 - 20 بانەمەڕ 2725

سەری کەڵافی دانوستانان لەنێو جامی ژەهردا ون بووە

 

دارسمە

هەواڵی گەرموگوڕی ناوچە و جیهان کەس نازانێت چ پەند و گوڵمەزیەکی سەیر و سەمەرەی بەسەر هاتوە. ئەمە هەواڵێکی زۆر سەیر و سەمەرەیە. هەواڵی خولی چوارەمی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا بڕیار بوو چارەنووسی زۆر شت ڕوون بکاتەوە، بەڵام  خۆی چووەتە ڕیزی شتە ناڕوون و بزربووەکان.

دۆخەکە بە چەشنێک گۆڕاوە، نە چا و خورمای عومانی و نە پاستا و ئیسپرێسۆی ڕۆمی لەگۆڕیدا نین. کەس نازانێت ئەم دانوستانە زمان‌بەستراوە لەکوێی گۆی ئەم زەوییەوە کەوتووەتە گۆڕ و گۆڕەشاری دەدەن. لەوانەیە واش نەبێت و چۆن ترامپ حەوتووی جارێک دەچێتە گۆیێن (گۆڵف)، ئەویش چووبێتە پشوودان یان ڕەنگە بۆ هەمیشە تۆرابێت.

 لەنێو باس‌وخواسی بوون و نەبوونی بەردەوامبوون و وەستانی دانوستانان، قەڵەمە زێڕەکەی سەر مێزی یەکەم کۆبوونەوەی دانوستانیش هەر بە یەکجاری بووەتە نیشانەی نەخۆشیی لەبیرچوونەوەی مێدیا و ڕاگەیاندنکاران و لە بنی کوولەکەی سەراوییشدا ناوی ناهێنن. هۆی ئەمەش تەنیا بۆ ونبوونی شتێکی گەورەتر دەگەڕێتەوە و ئەویش ونبوونی مێزی دانوستانانە. کەس نازانێت لە باشووری کەنداوی هەمیشە فارسە و دەکەوێتە خوارووی بەندەری "ڕەجایی" یان لە ئورووپا، ئەمریکا و ئەفریقادا بێسەروشوێنە.

لە گەرمەی بێ‌سەروشوێن بوونی مێزی دانوستانان، ڕۆژنامەیەکی ئێرانی که لەلای خۆرهەسانەوە دەردەچێت ئەمڕۆ یانی ڕۆژی ١٣ی بانەمەڕ، ئەم ونبوونە گەورەیەی بە ڕووی خۆیدا نەهێناوە و بە متمانە‌بە‌خۆبوونەوە نووسیویەتی: ئەمە دواکەوتنی دانوستان نیە و "تاکتیکێکی ئاڵۆز و ژیرانە"ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. وا دیارە ئێران بە سنووردارکردنی باسەکە بۆ بابەتی ناوکی و لەوانەیە ویستی دڵخوازی تیمی وتووێژکار، وەها گۆڵێکی لە ئەمریکا داوە، لایەنی ئەمریکایی هەروا بە دوای تۆپەکەدا دەگەڕێن. ئەوەی ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئەمەیە ئێران بەم کارە ڕێگای هەر جۆرە "زیادەخوازییەک"ی داخستوە. وەک ئەوەی تەنیا دوێنێ کێشەکە زیادەخوازی بووبێت و هەتا ئەوکات وتووێژەکە وەک ئاوی ڕەوان بەڕێوە چووبێت!

لەلای دیکەوە لەو بەر دەریاکانەوە، لە واشنگتۆن دی.سی، تیمی دۆناڵد ترامپ، تومەز تازە لە خەوی زستانە هەستابن، بە سەرکردایەتیی مارکۆ ڕووبیۆ، ئەو ڕۆبیۆیەی هەڵوێستی هەندێک جار لە هی ترامپیش توندترن، لیستێکی درێژی مەرجانی بۆ ئێران داناوە. ئەم لیستەش دەڵێی لیستی کڕینی پێداویستیی ژەمی میوانداریی کەیبانوو خانمە بۆ هاوسەری ماڵوێرانی ڕێکی خستوە. مێردی ماڵوێران بە دەم لێکدانەوەی داهاتی مانگانەیەوە، لە ڕیگەدا بەرەو بازاڕ داواکارییەکانی کەیبانووی ماڵ جارێک بە دۆلار جارێکیش بە تومەن هەڵدەسەنگێنێت، هیواخوازە لەم تێکەولێکەیەدا میواندارییەکەی وەک دانوستانی ئێران و ئەمریکا بە قووندا بکەوێت.

هاوکات، ئەمریکا و هاوڕێ ئورووپاییەکانیشی ئاڵقەی سزاکانیان تەنگتر کردوە. پشتێنەی گەمارۆیان ئەوەندە توند کراوە، هەموو جۆرە پشوویەکی سوار کردوە. لەنێو ئەم هەمووە پشووسوارییەدا، پشووی ئابووریی وڵات بە چەشنێک سوار بووە لە پاش و لە پێش دەکۆخێت. بەڵام تاران هەروا قەوەتان دەکات و بە نەرمەبزەی زۆرەملێ‌وە دەڵێت: "ئێمە بەم شتانەوە ڕاهاتووین و ساڵانێکە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەژین و هێشتا لەسەر پێین".

ئێمەی کوردیش لە هەمووان سەیر و سەمەرەترین و وەک ئەوەی بلیتی بەلاشی سینەمامان دەست ‌کەوتبێت، لە ڕیزی دواوەی سینەما دەستمان بە سکمان گرتوە و ئەوەندە بە فیلمی دیپلۆماسی پێکەنیوین وەک چەوندەر سوور هەڵگەڕاوین و چاوی سەیرکردنمان ئەوەندی دیکە زەق بوونە. ئێمە نە لە وتووێژاندا بنی پیوازین و نە دەستمان لە گەمارۆ و مەمارۆیان‌دایە.  ئەوەی نەختێک ئازارمان دەدات، دووکەڵێکی تیژە دەچێتە چاومان و جاروباریش تووشی نەرمەکۆخەیەکی سووکمان دەکات. ئێمە لە سینەماکەدا هەر بەو بلیتەی بەلاش دەستمان کەوتوە، دانیشتووین و سەیری ددانی گڕی لایەنانی دانوستانان دەکەین و لەم نێوەدا نازانین ئەوان بە یەکتری پێدەکەنن یان وک هەڕەشە ددانان لەیەک دەسوون.

ئێمە بە مەبەستێکی دیکەش لە مەیدانەکەدا لە کورسییەکانی دواوەی سینەماکە دانیشتووین و

زۆر وردبینانە بە چاوان بەدوای سەری ئەو کەڵافەدا دەڕوانین و لەنێودا جامی ژهری ڕێبەری سەرلێشێواودا لە ئێمە و ئەمریکا و ئورووپا و کۆماری ئیسلامی و تەنانەت کابرای نێوەندگیری مەسقەتی و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و کۆماری ئیسلامییش ون‌بووە و بە هەموومان بۆمان نادۆزرێتەوەوە.