
بەرزە قەڵای وڵاتی خۆر و گڕ (شەهید شاڕوخ مرادی)
برایم چووکەڵی
خەباتگێڕانی ڕاستەقینەی نه‌ته‌وه‌ی كورد ساڵانێکی زۆرە، شێلگیرانە و ماندوویی‌نەناسانە بۆ گه‌یشتن به مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی نەتەوەکەیان لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک تەنەخییان نەکردوە و نایکەن و هەر لەم پێناوەشدا، بە دەیان هەزار تێکۆشەر گیانی پاکی خۆیان فیدای ئامانجە بەرزەکانی گەلەکەیان کردوە. ئەم گەلە نەسرەوتوو و ئازادیویستە لەپێناو دەستەبەربوونی ئامانجە ڕەواکانیدا خوێنێکی زۆری داوه، باغ و موچه و مه‌زرای سووتاوه، ده‌ربه‌ده‌ر بووه، ماڵی كاول بووه، گونده‌كانی ته‌خت و خاپوور كراون و تەنانەت ژینۆساید کراوە و بگرە نیشتمانه‌كه‌یان لێ له‌ت‌وپه‌ت كردوه. به‌ڵام هیچکام لەم کارەساتانە نەیتوانیوە بە چۆکی دابێنێ و بەردەوام وەک نەتەوەیەکی زیندوو، نەبەز، کۆڵنەدەر و ڕوو لە گەشە لە جموجۆڵ و خەبات و تێکۆشان‌دا بووە.
ئەمجارە و لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"دا بەرەو مەڵبەندی خەبات و خوێن، مەڵبەندی خۆڕاگر ی‌و قارەمانەتی ڕۆڵەکانی دێموکرات لە خوارووی کوردستان شۆڕ دەبینەوە و یادی هەلۆیەکی چیاکانی زاگرۆس دەکەینەوە. فەرماندەیەک کە ١٣ ساڵ لە ته‌مه‌نی زێڕین و لاوەتیی خۆی ماندوویی‌نه‌ناسانە لە خزمەت بە ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەکەی دابوو و لەو پێناوەدا لە هیچ هەوڵ و گیانفیداییەک تەنەخیی نەکرد و سەرەنجام هەر لەم پێناوەشدا گیانی خۆی بەخت کرد.
شاڕوخ مرادی سالی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شاری سنەی خۆڕاگر چاوی بە دنیای ڕوون هەڵێنا. شاڕوخ هێشتا دەوروبەری خۆی نەناسیبوو کە لە تەمەنێکی کەمدا باوکی لەدەست دا و لە تەمەنی منداڵییەوە لەشی شلکی بەر کار و کوێرەوەری دا، تا بە بنەماڵەوە بتوانن ژیانێکی نەمر نەژی تێپەر بکەن. ئەو ماندووبوونە و تاڵیی ژیان وای کرد لەتەمەنی لاوییەوە هەست بەوە بکا چەوساوان دەبێ لەچنگ ناعەداڵەتییەکانی کۆمەڵ ڕزگاریان بێ.
شاڕوخ لە شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا بەشداریی چالاکانەی کرد و دوابه‌دوای ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و هێرشی هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو بۆ سه‌ر كوردستان و ڕوودانی نەوروزی خوێناویی شاری سنەی قارەمان نەیتوانی لە ئاست ئەو هێرشەدا بێدەنگ بێ و بەمجۆرە ڕێبازی پڕ له شانازیی حیزبی دێموكراتی هه‌ڵبژارد و لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٩ لە ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی هێزی شەهید شەریفزادەدا سازمان درا. شاڕوخ دوای ئەوەی چه‌كی شه‌ره‌فی له‌شان كرد و ڕێگای شۆڕشگێڕانی گرته‌پێش، قۆڵی خه‌بات و تێکۆشانی بۆ خه‌بات دژی كۆنه‌په‌رستان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی دژی ئازادی نەتەوەی كوردن هه‌ڵماڵی. ئەو له مه‌یدانی كرده‌وه‌دا نیشانی دا كه كوڕێكی دڵسۆز، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه، خه‌باتگێڕێكی وه‌فاداری ئامانجه‌كانی نەتەوەی كورده. هه‌ربۆیه له ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به خۆشه‌ویستی هاوسه‌نگه‌رانی و خه‌ڵكی ناوچه.
شه‌هید شاڕوخ مرادی كوڕێكی هێدی، له‌سه‌ره‌خۆ، به‌نه‌زم و دیسپلین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئازا، نه‌ترس و بێ‌باك بوو. دڵگه‌رمییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری به ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بوو و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە و ئازایەتیی شاروخ لە چەندین شەڕی ناوچەی سنە و چالاكی و هه‌ڵسووڕی ئه‌و له خه‌بات دژی دوژمنانی ئازادی‌دا، وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پۆڵایین له‌به‌رامبه‌ر دژی‌گه‌لییه‌كاندا ئەوی کردە خۆشەویستی هەموو هاوسەنگەرانی وخەڵکی ناوچەی سنە.
ساڵی ١٣٦٢ لە سەر داوای حیزب بۆ خزمەتکردن چووە ناوچەی دیواندەرە و لەوێ وەک سەرپەل دیاری کرا. شاڕوخی خۆڕاگر و چاونەترس شانی بەر ئەو مەسئولییەتە دا و زۆر ئازایانە و دڵگەرمتر لە پێشوو ئەرکەکانی حیزبی جێبەجێ دەکرد و لەو ماوەیەدا توانا نیزامییەکانی شەهید شاڕوخ بۆ کومیتەی شارستان و هیزی شەهیدانی دیواندەرە ڕوون دەبێتەوە. بۆیە ساڵی ١٣٦٣ بە فەرماندەری لک دیاری کرا و دوای سازماندەیی نوێی حیزب لە سالی ١٣٦٥ فەرماندەری لک لە هێزی دووی ڕێبەندانی پێ سپێردرا و پاشان ساڵی ١٣٦٦ وەک فەرماندەری هێز دەستی بەکار کرد و ساڵی ١٣٧٢ لە کاتی شەهیدبوونیدا فەرماندەری هێزی زاگرۆس بوو.
شاڕوخ مرادی زۆر زوو پێشانی دا کە فه‌رمانده‌رێكی باش و خاوه‌ن ته‌رح و گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ركه‌وتووانه‌یه و شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی سەقز، دیواندەرە و سنە شاهیدی بۆ ئازایەتیی ئەو دەدەن. شەڕەکانی شاخەرەشی جەوشەن، دەرەزیارەت، کاکە سیا، مازوار، دەرەقوڵە، وەنەوشە، جادەی سەقز- بانە، سەقز- سنە، شیرین سوار و کورەی مریەم چەند نموونەیەکی دیکەن لە فەرماندەیی ئەو هەلۆ چاونەترسەی دێموکرات کە حەماسەیان تێدا خوڵقێندرا.
هێزە دڵڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هیچ کات لە بەرەنگاری و ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ شەهید شاڕوخدا نەیانتوانی بە ئامانج بگەن و زەبری خۆیان بوەشێنن، بەردەوام هەوڵیان دەدا بیخەنە کەمینەوە. ئەم پیلانەشیان ئاخری سەری گرت و ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری سالی ١٣٧٢ لە کاتێکدا شەهید شاڕوخ لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی لە شاری دەربەندیخان بەرەو بنکەکانیان بۆ ناوتاق دەگەڕانەوە، بە ماشێنەوە کەوتنە سەرمین و بەداخەوە شاڕوخ مرادی لەگەڵ ٤ هاوسەنگەری دیکەی بەناوەکانی ئەنوەر ئیبراهیمی، سەلاح مرادیان، ڕەشید ڕۆستەمی و تاهیر مەنووچێهری شەهید بوون. بەمجۆرە شاڕوخ مرادی ڕەشەبای مەرگ نەمامی تەمەنی بە لادا خست و گوڵی هیوا و ئاواتەکانی پەڕپەڕ بوو. یادی هەرمان و سەنگەری خەباتی ئاوەدان.