
کەلکوەرگرتن لە "بلاگەر"ەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی داگیرکاری لە کوردستان
بێهزاد قادری
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەروەها لە هەرێمەکانی دیکەی وەک بەلووچستان) بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی داگیرکاری (کۆلۆنیالیزم)، چەندین شێوازی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت. یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا بەکاری هێناوە، بلاگەرە بەڕواڵەت سەربەخۆکانە. "بلاگەر" واتە ئەو کەسانەی بەگشتی ڤیدیۆ بەرهەم دەهێنن و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەکەنەوە، دیارە پێشتر بلاگرەکان بەو کەسانە دەگوتران کە وێبلاگیان هەبوو و بابەتیان دەنووسی.
لەم وتارەدا دەپەرژێینە سەر شێوەی کاری ئەم بلاگەرانە، نموونەی ڕاستەقینە و مۆدێلە دیاریکراوەکانی ئاساییکردنەوەی داگیرکاری لە ڕێگەی بلاگەرەکانەوە لە کوردستان و هەروەها تۆڕەکانی دروستکردنی بلاگەرە حکوومەتییەکان لە کوردستان.
شێوەی کاری "بلاگەرە ئاڕاستەکراوەکان" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
- کۆمەڵێک لەم بلاگەرانە بەڕواڵەت سەرنجیان لەسەر بابەتگەلی وەک "خواردن"، "گەشتیاری"، "کولتوور" یان "مێژوو"ە، بەڵام لە پراکتیکدا گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵات بەبێ ڕەخنەگرتن، بەرهەم دەهێننەوە. بۆ نموونە وێنەی کوردستان جۆرێک دەخەنە ڕوو کە هیچ نیشانەیەکی چەوساندنەوە و هەژاریی پێکهاتەیی یان هەڵاواردنی پێوە دیار نیە؛ بەڵکوو ژیانێکی ئاسایی و ڕەنگاوڕەنگ و بێ گرژی نیشان دەدەن.
- بەشێک لەو بلاگەرانە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و فەرهەنگییەکانەوە (وەک سپای پاسداران، ئیرشاد یان وەزارەتی ئیتلاعات) ڕێنمایی و تەنانەت پاڵپشتیی دارایی دەکرێن، ئەویش بە مەبەستی دروستکردنی نێوەڕۆک و بەرهەمگەلێک کە گێڕانەوەی داگیرکاری بشارێتەوە. ڕەنگە ئەم هاوکارییە ئاشکرا و دیار نەبێت؛ دەکرێت لە شێوەی هەقدەست، یارمەتیی سەفەر، مۆڵەتی تایبەت یان تەنانەت "پاراستن لە لێپێچینەوە" بێت.
- هەر ئەو بلاگەرانە لەبری پەرژانە سەر بابەتگەلی وەک "سەرکوتی سیاسی"، "هەڵاواردنی زمانی"، هەژاریی ئابووری" یان "میلیتاریزەکردنی بەربڵاو لە کوردستان"، تیشک دەخەنە سەر پرسە لاوەکی یان ناگرنگەکان، وەک ناساندنی چێشتخانەیەکی نوێ یان فێستیڤاڵێکی خۆماڵی، وەک ئەوەی کوردستان لە خۆشگوزەرانییەکی تەواودا بێت.
- هەندێکی دیکە لە بلاگەرەکان بە پشتگوێخستن یان بچووکنیشاندانی خەباتی گەلی کورد بۆ مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانی، وا لە بینەری نێوخۆیی و تەنانەت بیانی دەکەن هەست بەوە بکەن کوردستان هیچ کێشەیەکی تایبەتی نیە و کێشەکانی "خۆجێی" و "بچووکن". ئەوان لە ڕاستیدا وەک دەڵاڵی ڕەواییدان کار دەکەن. لەبەر ئەوەی ئەوان بە زمانی کوردی قسە دەکەن و جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن و وا دەردەکەون کە نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە دەکەن، بینەر وا گریمانە دەکات کە ئەم گێڕانەوەیانە خۆڕسک و جەماوەری بن نەک دەستکاریکراو.
نموونەی ڕاستەقینە و مۆدێلە دیاریکراوەکانی ئاساییکردنەوەی داگیرکاری لە ڕێگەی بلاگەرە ئاڕاستەکراوەکانەوە لە کوردستان
- دوای "شۆڕشی ژینا" و چڕبوونەوەی سەرکوتکردن، ڕێژیم پڕۆژەیەکی بە ناوی "بوژانەوەی گەشتیاری لە کوردستان" دەست پێ کرد. ئەو بلاگەرانەی پێشتر تەنها وێنەی سروشت یان خواردنیان بڵاو دەکردەوە، لەژێر ناوی "ئاسایشی تەواو لە کوردستان"، "میوانداریی بێهاوتا" و "خەڵکی میهرەبانی کورد" دەستیان کرد بە بانگەشەکردنی گەشتە نێوخۆییەکان بۆ کوردستان. ئامانج لێی ئەوە بوو کە وێنەی توندوتیژانە و ڕاستەقینەی سەرکوت، هەژاری و بوونی قورسی هێزی سەربازی کاڵ بێتەوە یان نەمێنێت. بۆ نموونە، گەشتی بلاگەرە بەناوبانگەکانی تاران بۆ کوردستان بە شێوەیەکی تەواو نائاسایی و پلانبۆداڕێژراو دەستی پێ کرد و لە گرتە ڤیدیۆییەکانیاندا بەردەوام باسیان لەوە دەکرد کە هیچ نیشانەیەک لە خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانی حکوومەت و هیچ خەبەرێک لە هەژاریی بەرفراوان نی؛ واتە کوردستان ئەمن و دوور لە هەر دیاردەیەکی وەک هەژاری و پەرەنەسەندنە.
- لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە بلاگەرە کوردەکان -هەندێک لەوانەی کە کار لەسەر پرسە فەرهەنگییەکان دەکەن- دەستیان کردوە بە سانسۆری چالاکانەی قەیران و هەڵاواردنەکان و بە ئاشکرا خۆیان لە باسکردنی قەدەغەکردنی وانەگوتنەوە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، دەرکردنی مامۆستایانی کورد، یان سەرکوتکردنی ئاهەنگەکانی نەورۆز و دەستبەسەرکرانی سەدان کەس لە مانگدا بەدوور دەگرن. بۆ نموونە پۆستیان لەسەر ئاهەنگی نەورۆز دەکرد، بەڵام لای ئەوان هیچ باسێک لە دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی بەشداربووانی نەورۆز لەئارادا نەبوو.
- لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم بە پشتیوانیکردنی هەندێک کەس هەوڵ دەدات ڕووخسارگەلێک دروست بکات کە بڵێن: "سەیرکەن! کوردێک دەتوانێت لە ئێرانیشدا سەرکەوتوو بێت". ئەم ڕووخسارانە بە کردەوە نکۆڵی لە هەڵاواردنی پێکهاتەیی دەکەن. بۆ نموونە: ئەو بلاگەرانەی کە چیرۆکی بازرگانێکی سەرکەوتووی شاری بانە یان خاوەن چێشتخانەیەک لە سنە گەورە دەکەنەوە و ئەم سەرکەوتنە تاکەکەسییانە دەخەنە جێی داواکارییە بەکۆمەڵەکانی وەک "دادپەروەریی ئابووری".
- یەکێکی تر لە هەوڵەکانی بلاگەرە ئاڕاستەکراوەکان، بەبراندکردنی ئێتنیکییە بە دوور لە سیاسەت. ئەوان جلوبەرگی کوردی، مۆسیقای کوردی و خواردنی کوردی و هتد، وەک "بەرهەمی فەرهەنگیی سەرنجڕاکێش" بەبێ کۆنتێکستی سیاسی پێشکەش دەکەن. لە کاتێکدا ناسنامەی کولتووریی کورد ساڵانێکە سەرکوت کراوە و سیاسییە. ئەم بلاگەرانە وای لێ دەکەن کە بێ مەترسی و وەک "دیکۆرات" بۆ گەشتیاران دەربکەوێت.
- هەروەها هەندێک لە بلاگەرە کوردەکان، بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە "کورد بەشێکی ڕەسەنی شارستانییەتی ئێرانە و پێویستە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و سەرزەمینیی ئێران وەفادار بمێنێتەوە". ئەم زمانە بەئەنقەست بۆ سڕینەوەی "مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد" بەکار دێت.
تەکنیکە وردەکانی ئەم پڕۆژەیە
- ئاڕاستەکردنی هاشتاگەکان: بۆ نموونە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، لەبری هاشتاگی وەک "#ژن_ژیان_ئازادی"، هاشتاگی وەک "#کوردستانی_جوان یان #کوردستانی_میواندار"یان ترێند دەکرد.
- هەڕەشەکردن یان ڕاکێشانی بلاگەرەکان: ئەگەر بلاگەرێک لەبارەی سەرکوتکردنەوە قسە بکات، ئەوا هەڕەشەی لێ دەکرێت یان لاپەڕەکەی دادەخرێت. لە بەرامبەریشدا ئەگەر هاوکاری بکات، پشتیوانیی دارایی و ڕیکلام وەردەگرێت.
- هاوکاریی ئۆرگانیک لەگەڵ میدیای دەوڵەتی: زۆرێک لەو بلاگەرانەی کە بەڕواڵەت سەربەخۆن، ناوەڕۆکەکانیان لەلایەن دەزگا دەوڵەتییەکانی وەک "فارس، تەسنیم، یان ئیرنا" بڵاو دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی ڕەواییی زیاتر بەدەست بهێنن.
ڕۆڵگێڕە سەرەکییەکانی تۆڕی "بلاگەرسازیی حکوومەتی" لە کوردستان
لە پشت پەردەی ئاڕاستەکردنی بلاگەرە بەڕواڵەت سەربەخۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تۆڕێکی ڕێکخراو و فرەچین هەیە کە گرێدراوی ناوەندە ئەمنییەتی، تەبلیغی و فەرهەنگییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانە. وەک:
- سازمانی ئیتلاعاتی سپا (ساس) کە ناوەندی سەرەکیی ناسین، ڕاکێشان و ئاڕاستەکردنی بلاگەرەکانە. ئەوان بلاگەرە کوردەکان کە پۆتانسییەلیان هەیە، هەڕەشەیان لێ دەکات یان ڕایاندەکێشێت. هەڕەشەکان بریتین لە: "بەندکران، داخستنی پەیج و قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات". ڕاکێشانیشیان بەم شێوەیەیە: "مۆڵەتی فەرمی بۆ چالاکی، بودجەی ڕیکلام و ئاسایشی کار". هەندێک جاریش "ڕێنماییی ناوەڕۆک" بە بلاگەرەکان دەدرێت (بۆ نموونە دەبێ پۆستێک لەسەر ئاسایش یان یەکێتیی نیشتمانی بکەن).
- یەکێکی تر لە ناوەندەکانی ئاڕاستەکردنی بلاگرەکان لە کوردستان، "ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی کوردستان"ە. ئەم ناوەندە ڕۆڵی فەرمی و ڕواڵەتیی هەیە لە پشتیوانیکردن لە "چالاکانی فەرهەنگی و میدیا خۆجێیییەکان". ئەم ناوەندە کۆمەڵێک ڕێکخراوی بەناو خەڵکی و ساختەی دروست کردووە تا بلاگەرەکان بخەنە ژێر پەڕوباڵی خۆیانەوە. هەروەها یەکێکی تر لە کارەکانی ئەم ناوەندە بریتییە لە پێدانی قەرز و مۆڵەتدان بە چالاکییە میدیاییەکان و ڕێکخستنی فێستیڤاڵی جۆراوجۆر، ئەمەش دەبێتە هۆی نزیککردنەوەی بلاگەرەکان لە ڕێژیم.
- ناوەندێکی دیکەی دەسەڵات لە کوردستان کە کار لەسەر بلاگەرەکان دەکات، "دەنگ و ڕەنگ"ی ڕێژیمە لە کوردستان. ئەوان بە بانگهێشتکردنی بلاگەرە کوردەکان بۆ بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، دەیانەوێت دەریانخەن و نیشانیان بدەن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەکۆیەک بۆ وێناکردنی "ژیانێکی ئاسایی و بەختەوەر" لە کوردستان دەڕەخسێنن.
ئەنجام
لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ لە کوردستان کۆمەڵێک بلاگری دیکەش چالاکن و ئامانجیان تەنیا خزمەتکردنی کورد و کوردستانە و بەتەواوەتی سەربەخۆن. بەپێی ئەو شتانەی کە لێرەدا باس کران، جیاکردنەوەی بلاگری سەربەخۆ و ئاڕاستەکراو، زۆر ئەستەم نین و پێویستە خەڵکی کوردستان بە پشتیوانیکردنی بلاگرە سەربەخۆکان و پشتگوێخستنی بلاگەرە ئاڕاستەکراوەکان، پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لە کوردستان پووچەڵ بکەنەوە.