
قەیرانی نەبوونی کارەبا لە وەرزی هاوینەوە گەیشتووەتە وەرزی بەهار و بڕینی کارەبا هەر سەرەتای وەرزی بەهارەوە دەستی پێ کردووە کە نیشاندەری قووڵبوونەوەی قەیرانی کەمیی وزە لە ئێرانە.
بەپێی زانیارییەکانی هەواڵدەریی و میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، هەر لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە بڕینی کارەبا لە شارەکانی ئێران دەستی پێ کردووە کە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە لایەن خەڵکەوە لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە کە ناڕەزایەتیی پیشەسازییەکان بە بڕینی کارەبا و خەسارەکانیان نیشان ئەدات.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانی نەبوونی کارەبا کە کاروبار و کەسابەتی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێرانی تووشی کێشە کردووە، بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە خەڵک دەبێت ئاستی تاقەت و بەرگەگرتنیان لەم قەیرانە ببەنە سەرترەوە، چونکە قەیرانەکە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە.
وەزیری نەوتی دەوڵەتی پزشکییان سەبارەت بە بڕینی کارەبا ڕایگەیاندووە کە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران هەر ئەوەندەیە و دەبێت چاوەدێری بە سەر بەکارهێناندا بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری سەندیکای پیشەسازیی کارەبای ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی نەبوونی کارەبا پێشنیاری بە خەڵک کردووە کە چونکە لە وەرزی هاویندا دۆخەکە خراپتر دەبێت، بچن مەسینە و باوەشێن بۆ خۆیان بکڕن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشنیارانەی بەرپرسانی ڕێژیم بە خەڵک لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکە، خەڵکی ناڕازی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بە شێوەی تاک و بە کۆمەڵ ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر دۆخی قەیراناویی کارەبا دەربڕیوە.
ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، کۆمەڵیک لە خەڵکی شاری بێهبەهان، سەر بە پارێزگای ئەهواز، لە ناڕەزایەتیی بە بڕینی هەموو ڕۆژێکی کارەبا لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆ بوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کۆبوونەوەکەیان تێک داوە و ژمارەیەک لە ناڕازیانیان دەسبەسەر کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە ناڕەزایەتیی خەڵک و پیشەسازییەکان بە نەبوونی کارەبا بڵاو بوونەتەوە کە دەردەکەوێت پچڕانی کارەبا خەساری زۆری بە کەسابەت و پیشەسازییەکان گەیاندووە.
بەرپرسانی ڕیژیم ڕایانگەیاندووە کە کێشەی کارەبا بە یەک ساڵ و دوو ساڵ چارەسەر ناکرێت و خەڵک نابێت چاوەڕوانییەکیان هەبێت.
نەبوونی وزەخانەی پێویست، کۆنبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا، کۆنبوونی سیستمی گواستنەوەی کارەبا و گاز و هەروەها نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سەرەکیترین کێشەکانی نەبوونی وزە و کارەبا لە ئێرانە.