کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ١١ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد

21:11 - 11 بانەمەڕ 2725

ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکرات ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕ، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، پێشەوا و دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرکۆماری کوردستان سێمینارێکی بۆ کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات پێک‌هێنا.
ئەو سێمینارە کە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی حیزب بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان کاک عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆڵی ئەرێنیی ناوبراو لەسەر بزووتنەوەی کورد باسێکی تێروتەسەلی پێشکەش کرد.
کاک عومەر باڵەکی لە سەرەتای باسەکەیدا ئامانجی کۆبوونەوە و سێمینارەکەی بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییەک گەراندەوە کە ٨٠ ساڵ پێش ئێستە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی لە سەر ڕێچکەی جووڵانەوەی کورد بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگای کوردستان هێناوەتە ئاراوە. بەڕێزتان ژیانی پێشەوای بە چەند قۆناغ هەر لە کاتی لەدایکبوون و دەسپێکی خوێندنی تاکوو دامەزراندنی کۆماری کوردستان پۆلێنبەندی کرد و بۆ نیشاندانی ڕۆڵ و گەورەیی پێشەوا لە بزووتنەوەی کورددا وتەیەکی دوکتۆر قاسملووی وەبیر هێنایەوە کە لە کتێبی چل ساڵ خەبات لەپیناوی ئازادیدا لەسەر دامەزرێنەری حیزبی دێموکرات دەڵێت: "پێشەوا گوڵێک بوو کە لە سەحرادا ڕووا بوو".
کۆڕگێڕ لە درێژەی باسەکەیدا بە ئاماژەدان بە دۆخی ئەوکاتی کۆمەڵگای کوردستان و جیهان گوتی: "یەکخستن و وەدیهێنانی ئاشتەوایی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان لە وەها سەردەمێکدا کە دەسەڵاتدارانی تاران بەشوێن کەڵكوەرگرتن لە عەشیرەگەرایی لە ناوچەکەدا بوون تەنیا لەسەر دەستی کەسایەتییەکی وەک پێشەوا دەهاتە ئاراوە". دواتر بە ئاماژەدان بە هۆگریی و زانایی پێشەوا قازی محەممەد لە بواری ئەدەب و زانستدا و هەروەها کەڵکوەرگرتنی پێشەوا لە دەرفەتە خولقاوەکانی وەک بەرپرسایەتیی ئیدارەی فەرهەنگی مەهاباد و دواتر مەحکەمەی قازی لەو شارە، باسی لە هەوڵەکانی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بۆ مۆدێڕنیتە و پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردی لەو سەردەمەدا کرد و گوتی: "هەر لە سەرەتای لاوییەوە سروشتی پێشەوا بۆ ڕێبەربوون خولقابوو".
ناوبراو بەشێک لە هەوڵەکانی پێشەوا قازی محەممەد وەک دروستکردنی یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانە بۆ کچان و کوڕان، دروستکردنی نەخۆشخانە، دژایەتیکردنی لەگەڵ بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گەندەڵی، بە نموونەی هەوڵەکانی پێشەوا بۆ ئەم مۆدێڕنیتەیە زانی. جەختکردنەوە لە سەر کەسایەتیی کاریزمای پێشەوا قازی محەممەد پێش بوونی بە سەرۆککۆمار و ڕۆڵی لەسەر یەکخستنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ بەشداربوونیان لە بزووتنەوەی کورددا، بەشێکی دیکە لە وتارەکەی بەڕێز عومەر باڵەکی بۆ خۆی تەرخان کرد.
کاک عومەر باڵەکی لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەیەکی بە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ڕوانگەی بەرپرسانی دەسەڵاتی تاران و ڕۆژنامەکانی ئەوکات کرد و بە پشتبەستن بە چەند نموونە و دەقی مێژووی پشتڕاستی کردەوە کە پێشەوا، نە تەنیا ببووە مایەی پێشکەوتن و یەکڕیزیی گەلی کورد، بەڵکوو بە کاریزماتیکبوونی خۆی ببووە هۆی سەرسووڕمان و سەرسامبوونی دەسەڵاتداران و بیرمەندانی ئەو کات لە تاران.
بڕگەیەکی دیکەی ئەو سێمینارە بۆ پرسیار و وەڵام و سەرنجی بەشداران تەرخان کرابوو.