
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاوی کردەوە، ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ترامپ لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێشنیاری کردووە کە ئەگەر تاران ڕازی بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کڕینی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئەمریکا بێت، ئەوە ئەمریکا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت و واز لە بژاردە و هەنگاوی سەربازی لە دژی ئێران دێنێت.
ویتکاف ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە نابێت هیچ بەرنامەیەکی ناوکی و پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران هەبێ و دەبێ نەتەنز، فرۆدۆ و ئێسفەهان بە تەواوی دابخرێن، دەبێت هەموو ئەو سووتەمەنیانەی کە هەیانە شل بکرێنەوە و بۆ شوێنێکی دوور بنێردرێن و ئەگەر بیانەوێت بەرنامەی ناوکیان هەبێ ئەوە دەبێت بیگۆڕن بۆ بەرنامەیەکی ناوکیی مەدەنی و غەیری سەربازی.
هەروەها ناوبراو لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی کە ئەمریکا هەرگیز ڕێککەوتنێک قەبووڵ ناکات کە پابەندبوونەکانی ڕێکەوتی بەسەر چوونیان هەبێ.
ویتکاف هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئەمجارە دانوستانەکان بە ئەنجام نەگەن، ئەوە ئەمریکا جارێکی تر دانوستان ناکاتەوە.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند ئێران پێشتر چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ناوکیی خۆی قەبووڵ ناکات. بەڵام ویتکاف دەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێستا لە چاو ماوەی پێشووی واژۆکردنی بەرجام لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە و ئەمجارەیان ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران ئەگەری زۆرتری هەیە بە ئەنجام بگات.
ویتکاف باسی لەوەش کرد کە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا ڕەنگە گوشار بخرێتە سەر ئێران بۆ ئەوەی دەست لە دابینکردنی دارایی و بوودجە و چەکدارکردنی گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا و حوسییەکان ڕابگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە نایەوێت لەم کاتەدا ئەم پرسانە بهێنێتە ناو مشتومڕی ئەتۆمییەوە چونکە بۆ ئەمریکا پرسی ئەتۆمی پرسێکی گرنگ و بەپەلەیە لە ئێستادا.