
موبین عەزیمی، پاڵەوانی کوشتیی ئازاد، لە چل و پێنجەمین خولی کێبڕکێیەکانی پاڵەوانیی تەختی، بۆ سێهەمین جار لەم کێبڕکێیانەدا نیشانی زێڕینی مسۆگەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا وەرزشییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، موبین عەزیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز و خاوەنی نیشانی بۆڕۆنزی پێشبڕکێکانی ئاسیای ٢٠٢٥، لە چل و پێنجەمین خولی کێبڕکێ نێونەتەوەییەکانی پاڵەوان تەختی کە لە ئێسفەهان بەڕێوە چوو، لە کێشی ٩٢ کیلۆگرەمدا و بە سەرکەوتن بە سەر ڕکابەرەکانی لە وڵاتی عێراق و قێرقیزستان گەیشتە یاری کۆتایی و پاشان لە یاریی کۆتایشدا بە شکستدانی بێهنام سۆهرابی لە پارێزگای تارانەوە، نیشانی زێڕینی ئەم کێبڕکێیانەی بۆ جاری سێهەم بەدەست هێنا.
موبین لە ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤یش توانیبووی نیشانی زێڕینی ئەم کێبڕکێیانە بۆ خۆی مسۆگەر بکاتخا.
ئەم پاڵەوانە کوردە خاوەنی چەندین نیشانی زێڕینی زۆرانبازیی ئازاد لە ئاستی ئێران و ئاسیا و جیهاندایە.
موبین ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کێبڕکێیەکانی زۆرانبازیی لاوانی جیهان لە ئۆردۆن، نیشانی زێڕینی بە دەست هێناوە.