
بە پێی هەواڵی ئاژانسی مافی مرۆڤیی کوردپا بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕ، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران شەوانە بە شێوەی توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی “کاوە ساڵک و لوقمان ساڵک” دوو هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، و دەستیان بەسەر سەرجەم جلوبەرگی کوردیان و مۆبایل و ناسنامە و کارتی بانکی و هەندێک بەڵگەنامەی دیکەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
کوردپا بڵاوی کردووە کە هێزەکانی ڕێژیم کاتژمێر ٣ و نیوی نیوەشەو بە شێوەیەکی نائاسایی و توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و بە شکاندنی درگای ماڵەکانیان چوونەتە ژوورەوە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکان کردووە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئەو هێزانەی ڕێژیم بە بێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو دوو ماڵە و دەستیان بەسەر کەلووپەلی شەخسی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتووە.
شایانی باسە کە لوقمان و کاوە سالک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر نەکراون.