کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دیموکرات لە ورمێ

13:44 - 20 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ۱٨ی بانەمەڕی ۱٤۰٤ی هەتاوی مام سولێمان پوورشەمس خەڵکی شارەدێی دزەی مەڕگەوەڕ کۆچی دوایی کرد.

مام سولێمان ساڵی ۱۳۲٦ی هەتاوی لە  شارەدێی دزەی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ چاوی بە دونیا هەڵێناوە.

مام سولێمان ساڵی ۱۳٥٨ تا سەرەتاکانی۱۳٦۲ دەبێتە پێشمەرگە و لە هێزی بەرگریی حیزبی دێموکراتدا سازمان دەدرێ و لە چەندین مەئموورییەتی تایبەتدا بەشدار بووە.

پووشپەڕی  ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی تیمێکی ۷ کەسی لە پێشمەرگەکانی هێزی بەرگری بە فەرماندەیی شەهید سەروان حاتەم دوعاخان بۆ ئەرکێکی حیزبی دەچنە گوندی لۆرزنیی سەر بە ناوچەی مەڕگەوەڕ و دەکەونە بۆسەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم. لەم عەمەلیاتەدا، مام سولەیمەن فریای تیمەکە دەکەوێت و دوای بەرگرییەکی قارەمانانە، بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی موحەممەدئەمین پوولادی شەهید دەبێ.

تەرمی مام سولێمان لە گۆڕستانی دزەی مەرگەوەڕ و بە بەشداریی بەرچاوی خەڵکی ناوچە، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.