کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی دوو بەندکراوی سیاسی بۆ دۆناڵد ترامپ

10:50 - 21 بانەمەڕ 2725

دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی "قزڵ حەسار"ـی کەرەج، نامەیەکی سەرئاوەڵەیان بۆ سەرۆککۆماری ئەمریکا ناردووە و داوایان لێ کردووە گرینگی بە مافی مرۆڤ لە ئێران بدات.

ڕەزا محەممەدحوسێنی و زەردەشت ئەحمەدی ڕاغب، لەم نامەیەدا کە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ بڵاو کرایەوە، ڕوو لە دۆناڵد ترامپ نووسیویانە: "کۆماری ئیسلامی نە نوێنەری خەڵکی ئێرانە و نە حکوومەتێکی ئاسایی و جێی متمانەیە. ئەم دەسەڵاتە پێکهاتەیەکی دژ بە دێموکراسییە، سەرکوتکەرە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەوایی پێ نەدراوە و بەرپرسی هەموو تاوانێکە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکەی کردووەتە قوربانی".

ناوبراوان بە ئاماژەدان بە بنەماکانی وڵاتی ئەمریکا کە لە سەر خشتی یاسای مرۆڤانە و ڕێکخراوە دێموکراتیەکییەکان دامەزراوە، داوایان لە سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەماگەلی وەک ئازادیی ڕادەربڕین، دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکەسی، وتووێژ لەگەڵ وەها ڕێژیمێک نەکات، چونکە ئەوە بە زیانی ستراتێژییە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەمریکایە.

نامەکە زیادی کردووە کە خەڵکی ئێران لەم ڕێژیمە تێپەڕ بوونە و ئەمریکاش نابێت لە تاوانەکانی ئەم ڕێژیمە بە دانوستان لەگەڵیدا و بێدەنگبوون لەهەمبەر تاوانەکانی، هاوبەشی بکات.

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە بەشێکی دیکەی نامەکەیاندا بە ئاماژەدان بە ئەزموونە پێشووەکانی کۆماری ئیسلامی لە درۆکردندا هێناویانە کە ئەم ڕێژیمە هیچ سنوورێکی دیاریکراوی بۆ فێڵ و درۆ نییە و بە هیچ بەڵێن و پەیمانێک پێبەند نییە.

ناوبراوان لە کۆتایی نامەکەیاندا بۆ دۆناڵد ترامپ نووسیویانە: "ئاخوندەکانی دەسەڵاتدار بە تاڵانکردنی سامانەکانی ئێران و بە هاوکاریی ڕووسیە، لەمپەرێکیان بە ناوی وزەی ناوکی دروست کردووە تاکوو لە ڕۆژانی وەهادا بتوانن بۆ مانەوی خۆیان لە دەسەڵات، کاتی پێ بکڕن".