
ڕۆژنامەی ''واڵ ستریت ژورناڵ'' ڕۆژی شەممە لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی و نیزامیی لوبنانەوە ڕایگەیاندووە کە پرۆسەی پاککردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووت لە کەسانی سەر بە حیزبوڵڵا دەستی پێ کردووە.
بەوتەی بەرپرسانی لوبنان، یاساکانی چاودێریکردن بەسەر نفووزی حیزبوڵڵا دوای ساڵانێک جێبەجێ کراون و ڕێوشوێنەکانی ئەم دواییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و پارە و دەرکردنی ژمارەیەک کارمەندی فڕۆکەخانە و دەسبەسەرکردنی کەسانی پەیوەندیدار بە تۆڕی قاچاخ، وای کردووە ڕێگری لەوە بکرێت کە ٥٠ پۆند زێر بەدەستی حیزبوڵڵا بگات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژنامەی ''ئۆرشەلیم پۆست''ی ئیسرائیلیش لەسەر بابەتەکە نووسیویەتی، حکوومەتی نوێی لوبنان دەیان کارمەندی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووتی لە کارەکانیان دوور خستووەتەوە کە پەیوەندییان بەو گرووپەوە هەبووە، ئەمەش هەنگاوێکی بێوێنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی حیزبوڵڵایە.
ئەم کارە دوای ساڵانێک بە ئامانجی بڕینی دەستی حیزبوڵڵا بەسەر یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی چوونە ژوورەوەی کاڵا و پارە بۆ نێو لوبنان ئەنجام درا.
بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی و نیزامیی لوبنان، یاساکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نفووزی حیزبوڵڵا لەمێژە هەبووە، بەڵام ئێستا بۆ یەکەمجار بە جیددی جێبەجێ دەکرێن.