
یەکیک لە کچە قوتابییەکانی نێو وەنی قوتابخانەیەک لە ورمێ کە ماوەیەک پێش ئێستا ئاگری تێ بەر ببوو، بە هۆی قووڵیی برینەکانی گیانی لە دەست دا.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەم قوتابییە پاش ڕووداوەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تایبەت لە تاران کراوە بەڵام هەوڵی پزیشکەکان بۆ فریاکەوتنی بێئاکام ماوەتەوە.
ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، هەواڵی ئاگرتێبەربوونی وەنێکی خزمەتگوزارییەکانی قوتابخانە لە ورمێ بڵاو کرایەوە.
لەم ڕووداوەدا ١٠ قوتابیی کچ و شۆفێری وەنەکە تووشی سووتان دەبن.
لەو کاتەدا بەرپرسی فریاکەوتنی ورمێ تەنیا باسی لەوە کردبوو کە ٤ کەس لە قوتابییان برینەکانیان قووڵ نەبووە و نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی سەبارەت بە شەش قوتابیی دیکە و شۆفێرەکە ڕانەگەیاندبوو.
قوربانیبوونی ئەم قوتابییە لەکاتێکدایە کە نەخۆشخانەی تایبەتی سووتان لە ورمێ و شارەکانی دەورووبەریدا بوونی نییە و بە ناچار ئەم کچە قوتابییە براوەتە تاران تاکوو چارەسەری بۆ بکرێت.
هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەواڵێکی سەبارەت بە کەمیی تەخت و نەخۆشخانەی پێویست لە پارێزگا و شاری ورمێ بڵاو کردبووەوە.
لەم هەواڵەدا ئاماژە بە نەبوونی پێداویستییە دەرمانییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکان کرابوو کە بەو هۆیەوە خەڵک ناچار دەبن بۆ کاروباری دەرمان بچنە پارێزگا و شارە ناوەندییەکانی ئێران.
لە ئێستادا و بە گیانلەدەسدانی ئەم قوتابییە، هەڵاواردنی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی بە دژی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، بۆ جارێکی دیکە بە ڕوونی ئاشکرا دەبێت.
نەبوونی خزمەتگوازاریی پێویست لە بواری پەروەردە و تەندروستی لەم ناوچانەدا، زیاترین کارەساتی بەم شێوەیەی خولقاندووە.
لە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی لەم چەشنە کە ئاکامی هەڵاواردنی سیستماتیکی دەسەڵات بە دژی نەتوەی کوردە، ئاگرگرتنی قوتابخانەی گوندی شیناوێی سەر بە شاری پیرانشار لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بوو کە بووە هۆی سووتانی نزیک بە سی قوتابیی کچ کە تاکوو ئێستاش برینەکانیان ساڕێژ نەبوونەتەوە.