
پارێزگای خوزستان وەک یەکێک لە گرینگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزەی ئێران، لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنە لە دابینکردنی کارەبادا بووەتەوە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ٤٠-٥٠ پلە و چڕبوونەوەی پیسبوونی هەوا، پچڕانی کارەبای پلان بۆ داڕێژراو و چاوەڕواننەکراو، ژیانی خەڵک و پیشەسازی و کشتوکاڵی ئەم پارێزگایەی ئیفلیج کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو پارێزگایە هۆشدارییان داوە لە بەردەوامیی ئەم ڕەوتە و داوای پێداچوونەوەی خێرا بە سیاسەتەکانی دابەشکردنی کارەبایان کردووە.
پچڕانی کارەبا لە خووزستان زۆر زووتر و لە مانگی خاکەلێوەوە دەستی پێکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پچڕانی دووبارەی کارەبا و ئاو لە شارەکانی خووزستان ناڕەزایەتیی گشتیی لێکەوتەوە.
لە یەکێک لە دوایین ناڕەزایەتییەکاندا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕ، کۆمەڵێک خەڵکی بێهبەهان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕینی ڕۆژانەی ئاو و کارەبا لە بەردەم بینای پارێزگاریی شارەکە کۆ بوونەوە.
هەروەها کۆمەڵێک لە خەڵکی خووزستان لە ٢٨ی بانەمەڕەوە کەمپەنێکیان دژ بە پچڕانی کارەبا دەست پێ کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی پچڕانی کارەبا لە شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەیان کردووە کە هەتا ٣١ی بانەمەڕ درێژەی هەیە.
ئەوان لە دەقی کەمپەینە ئانلاینەکەیاندا نووسیویانە: ''خووزستان نەوت دابین دەکات، گاز دەنێرێت، کارەبا بۆ هەمووان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێستا لە گەرمای تاقەتپڕووکێندا، دەبێ خۆی لە لیستی پچڕانی کارەبادا بێت؟ لە ئێستا لە هەناسەبڕکێترین ڕۆژەکانی ساڵدا، دەبێ هەمان ئەم خووزستانە لە تاریکیدا بسووتێت؟.''
قەیرانی کارەبای خووزستان نەک هەر ناڕەزایەتیی گشتی بەڵکوو زیانی زۆری ئابووریشی لێ کەوتووەتەوە.
هاوینی ڕابردوو، ناهاوسەنگیی کارەبا گەیشتە نزیکەی ٢٠ هەزار مێگاوات، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی کارەبای بەدواوە بوو. بەڵام بە وتەی کارناسان، ناهاوسەنگیی کارەبای ئەم هاوینە لە ٢٠ هەزار مێگاوات تێدەپەڕێت و لەوانەیە لە کاتی لووتکەی بەکارهێنانی کارەبا لە ناوەڕاستی هاویندا بگاتە ٢٥ بۆ ٢٩ هەزار مێگاوات.