کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هونەرمەندێکی کورد لە ئاڵمان

12:27 - 21 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٤(٨ی مەی ٢٠٢٥) تەرمی ژیوار حاجبی ناسراو بە خەتەر، هونەرمەندی ڕاپێری کورد لە ماڵەکەی خۆی لە وڵاتی ئاڵمان دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ZDFی ئاڵمان، تەرمی ئەم هونەرمەندە تەمەن ٤٣ ساڵە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان دۆزراوەتەوە.

بە وتەی دادستانی کۆڵن، کاتژمێر ٦ و ٤٥ خولەکی ئێوارەی پێنجشەممە تەرمی بێگیانی ئەم هونەرمەندە دۆزراوەتەوە و پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەمبارەوە دەست پێ کردووە.

ژیوار حاجبی موزیسییەنی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی ئێقباڵ حاجبی و غەزاڵ پاکسرشت، یەکێک لە دیارترین سیماکانی بواری مۆسیقای ڕاپ لە ئاڵمان بوو و ئەلبۆمەکانی لایەنگرێکی زۆریان بوو.

دووزەن تێکاڵ، چالاکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان، وێڕای دەربڕینی خەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەم هونەرمەندە، باسی لەوە کردووە کە خەتەر یەکێک لە لایەنگرانی مافی کەمینەکان بووە و بەشێوەیەکی تایبەت گرینگیی بە پرسی کورد و بەتایبەت ئێزدییەکان داوە. 

بە وتەی دووزەن تێکاڵ، خەتەر دامەزرێنەری ئەنجومەنی "پردی ئێمە (e.v)" لە کوردستانی باشوورە کە ناوەندێک بۆ پەروەردەی منداڵانی ئێزدییە.

ئەم ڕاپرە کوردە لە کوردستان و لە نێو لاواندا بە تایبەتی پێگەی تایبەتی هەبوو.

مەرگی لەناکاوی خەتەر هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەرینی هاوخەمییەکان لە کوردستان و دەرەوە و بەتایبەت لە ئاڵمان، خەسارێک بۆ کۆمەڵگەی هونەریی ئەمڕۆی کوردستان و نەوەی نوێ بەئەژمار دێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو هەروەها هۆگرانی هونەرەکەی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.