
دین ئامرازێک بۆ حوکمڕانی
ڕەزا دانشجوو
کۆماری ئیسلامی لە دونیای سیاسەتی هاوچەرخدا دەبێ بە دیاردەیەکی ناوازە دابندرێت. سیستەمێک کە نەک لەسەر بنەمای نەریتە سیاسییە مۆدێرنەکان، بەڵکوو لەسەر بناغەیەکی ئایینی-ئایدیۆلۆژی دامەزراوە. ڕێژێمێک کە بە بەڵێنی "بەخشینی هەم دین و هەم دونیا" بە کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێران، سواری شەپۆلێک لە تووڕەیی خەڵک دژی دەسەڵاتی پەهلەوی و هیوادار بە گەیشتن بە ئازادی بوو، بەڵام دەسەڵاتدارەتییەکەی بوو بە دەسپێکی دەورانێکی تاریک لە مێژووی ئێراندا. ئەگەرچی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ دا بە تاقمێک دروشمی دادپەروەرانە و ئازادیخوازانە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام لە پراکتیکدا دەرفەتی مێژوویی بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی دێموکرات لە سەر بنەمای مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک تێدا برا و دەرفەت درا بە حکوومەتێکی نەناسراو لە سەر بنەمای ئایدۆلۆژییەکی نەناسەراوتر! دەسەڵاتێک کە هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا کە لە خەمی پاراستنی دەسەڵاتە ئایینیەکەیەتی، نەک باشترکردنی ژیانی خەڵک!
لە نەبوونی حیزبە سیاسییە سەربەخۆکان و دامەزراوە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی لە بواری سیاسی تازەلاو و ناباڵغ، کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی توانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و بێتە ساحێبی تاج و تەخت! نابێت لە ڕۆڵی وێرانکەری هەندێک بزووتنەوەی بەناو خەباتگێڕ و ڕووناکبیر لە دروستبوونی ئەم کارەساتە مێژووییە چاوپۆشی بکرێت. ئەو ڕوناکبیرانەی یان دیل و بەستراوەی ڕەوتێکی فیکری و سیاسی تایبەت بوون یان توانای شیکردنەوەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم سەردەمەیان نەبوو!
کۆماری ئیسلامی لە بواری ئابووریدا بە پشتبەستن بە تیۆری "اقتصاد مال خر است" خومەینی نیشانی دا کە گەشەسەندنی ئابووری نەک هەر لە پێشینەی کارەکانی ئەم سیستەمە نیە، بەڵکو تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی دروست لەو سیستەمەدا بوونی نیە. پێکهاتە ئابوورییەکەی ئێران کە بەر لە شۆڕش ٥٧ و لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەویدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی جیددی بووەوە، لە سایەی سیاسەت و خوێندەوەی تەواو هەڵەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەر بە تەواوی وێران بوو و کەم و زۆر ژێرخانەکانی سەردەمی پەهلەویش وردە وردە نەما.
بەڵام ڕەنگە قووڵترین و درێژخایەنترین زیان کە کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵگەی ئێرانی گەیاند، نە لە بواری ئابووری یان سیاسەتدا، بەڵکوو لە گۆڕەپانی بیروباوەڕ و قەناعەتی ئایینی خەڵکدا بووبێت. دین و ئایین کە چەندین سەدە بەشێوەگەلی جۆراوجۆر لە پەیکەری فەرهەنگیی ئێراندا حزووری هەبوو، بە هۆی بەکارهێنانی ئامرازیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، وردە وردە پێگەی مەعنەویی خۆی لەدەست دا. خەڵکی بێزار لە دووبارەبوونەوەی درۆ و دووڕوویی و چەوساندنەوە بە ناوی ئایینەوە، بە داننان بە سروشتی کۆماری ئیسلامی، وردە وردە لە ئایین و باوەڕ دوورکەوتنەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ دین و ئایینداری لە چاوی زۆر کەسدا نەک هەر بە پیرۆز نازانرێت، بەڵکو وەک هێمای فریودان و دەسەڵاتخوازی پێناسە دەکڕێت.
کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئایینی وەک ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بە کردەوەکانی بەکار هێناوە. لێکدانەوەکانی بۆ ئایین هیچکات جێگیر نەبووە و هەمیشە بە تەواوی وابەستەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوداوەکانی ڕۆژ بووە! لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا ئایین ئامرازێکە بۆ حوکمڕانی و بە پشتبەستن بە بارودۆخی کات و شوێن دەتوانرێت بگۆڕدرێت و نوێ بکرێتەوە! لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە کورتی باس لە بەشێک لەم تێڕوانینە ئامرازییەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ئایین وەک کەرەستەیەک بۆ پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکانی دەکرێت.
"ویلایەتی فەقیهـ" وەک بنەمایەکی پیرۆز و بەدوور لە هەر ڕەخنە و پرسیار
کۆماری ئیسلامی تیۆریی "ویلایەتی فەقیهـ" نەک وەک مشتومڕێکی ئایینی و فەقێیەتی کە جێی لێکدانەوەی و باس و گفتگۆ بێت، بەڵکوو وەک بنەمایەکی پیرۆز و بەدوور لە هەر ڕەخنە و پرسیار ناساندوە. هەر دژایەتییەک لەگەڵ وەلیی فەقیهـ ، بە دژایەتیی ئیسلام و قورئان و تەنانەت پێغەمبەریش لێک دەدرێتەوە. لەکاتێکدا پرەنسیپێک بە ناو "ویلایەتی فەقیهـ" تا سەدەی بیستەم هیچ پێشینەیەکی لە سیستەمی حکومەتی شیعەدا نەبووە! لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە سەپاندنی ئەو پرەنسیپە هەڵبەستراوە و گرێدانی بە بیروباوەڕی گەلانی ئێرانی کە زۆرینەیان شیعە بوون، هەوڵی دا بە بەستنەوەی حکومەتەکەی بە تاقمێک گێڕانەوەی تەواو درۆ و ناڕاست شێوەی حوکمڕانی "ویلایەتی فەقیهـ" پیرۆز و دوور لە هەڵە و ناڕاستی نیشان بدات و جیاواز لە حوکمڕانی مۆدێرن دەربکەوێت!
"حیجابی زۆرەملی" وەک هێمای دەسەڵاتی ئیسلامی!
لە چاوی کۆماری ئیسلامیدا حیجاب تەنیا فەرمانێکی مەزهەبی نیە، بەڵکو ئاڵای ئایدیۆلۆژیی سیستمە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی شۆڕشەوە حیجاب کرایە ئیجباری و هەر دژایەتییەک وەک "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسلام" دادەنرا. لە کاتێکدا حیجاب دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی شەخسی و مەعنەوی بێت، بەلام کۆماری ئیسلامی کردی بە ئامرازی چەوساندنەوە و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی بەسەر ژناندا. ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی لە حیجاب وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ستراکتۆری ژنان و زیندانیکردنیان لە چوارچێوەی ماڵدا بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی پاوانخواز و تا ڕادەیەکی زۆر پیاوسالاری خۆی کەڵک وەردەگرێت.
بۆنە ئاینییەکان ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندەی حکومەت
ڕێوڕەسمەکانی عاشورا و موحەڕەم و بۆنە ئایینیەکانی تر کە بڕیار بوو ڕەمزی ڕاوەستان و بەربەرەکانی دژە ستەم بن، لەلایەن ڕێژیمەوە کران بە سەکۆیەک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتی نێوخۆیی. دەیان جار لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریدا هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی پاساوهێنانەوە و تەنانەت پیرۆزی بەخشین بە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی لە چوارچێوەیەکی ئایینیدا بە تاقمێک دروشمی تایبەت وەک "یا حسێن" هەوڵیان داوە خەڵکی ناڕازی دژی دین و ئایین نیشان دەن!
کۆبوونەوەی ساڵیانەی بەناو ئەربەعین کە بە تێچوویەکی یەکجار زۆر لە لایەن ڕێژێمەوە بەڕێوە دەچێت لەبری ئەوەى ڕێوڕەسمێکى مەزهەبى بێت، بووەتە نمایشێکى سیاسیى دەسەڵاتى کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا. کۆماری ئیسلامی بەردەوام تێدەکۆشێت بەشداریی باوەڕمەندان لەم ڕێوڕرەسمانەدا وەک نیشانەی "شەرعییەتی نیزام" و "وەفای خەڵک بۆ نیزام" نیشان بدات، لە کاتێکدا زۆرێک لە بەشداربووان ئامانجی ئایینی شەخسییان هەیە و بە هیچ شێوەیەک بەشداربوونیان پشتڕاستکردنەوەی سیاسەتەکانی حکومەت نییە! لە ڕاستیدا ئەم بۆنانە بۆ کۆماری ئیسلامی کارکردێکی دووانەیان هەیە. لە لایەک شوێنی کۆکردنەوە و سازدانی لایەنگرانی حکوومەتە و لە لایەکی تریشەوە سەکۆیەکە بۆ هێرشکردنە سەر و ڕەخنەگرتن لە نەیارانی حکومەت، تەنانەت ئەوانەی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیشدان!
فەتوا ئایینییەکان لە خزمەت بڕیاری سیاسیدا
لە زۆر حاڵەتدا بڕیارە سیاسییەکانی حکومەت بە فەتوای تایبەت ڕەوا بوون. بۆ نموونە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، بەردەوامیی شەڕ بۆ ساڵانێک لە ژێر دروشمی "شەڕ، شەڕ تا کۆتایی هێنان بە فیتنە لە جیهان" و بە بیانووی "بەرگریکردن لە ئیسلام"، تەنانەت لە کاتێکدا کە ئاشتی مومکین بوو، ڕەوا بوو. شەرێکی بێسوود و ماڵوێرانکەر کە بوو بە هۆکاری کوشتنی سەدان هەزار کەس و داڕمانی ئابووری و وێرانی و کاوڵبوونی دەیان شار و شارۆچکەی ئێران و عێراق! بەڵام دوای لە دەستدانی ئەو هەموو دەرفەتە و کوژرانی خەڵکی بێتاوان لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری ئەو کاتی ڕژیم خومەینی بە تەعبیری "خواردنەوەی جامی ژەهر" ڕازی بە سوڵح بوو! فەرمانی حکوومەتی چەمکێکە کە بەپێی ئەو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، بەدەر لە هەموو ئەو دامودەزگا و ڕێکخراوانەی کە لە دەستووری خودی کۆماری ئیسلامیدا هاتووە، دەتوانێت ئەو بڕیارانەی کە دراون هەڵبوەشێنێتەوە و فەرمانێکی دیکە دەربکات.
حەڵاڵ و حەرامی حکوومەتی
بە پێچەوانەی فێرکارییە ئاینییەکان، چەمکەکانی وەک حەڵاڵ و حەرام هەمیشە فاکتەرێک بوون بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بڕیارە هەڵەکانی حکومەت. زۆرێک لە بابەتەکانی وەک مۆسیقی، سینەما، ئینتەرنێت، وەرزشی ژنان، تەنانەت جۆری جلوبەرگ یان شێوازی ژیانیش لە ژێر سەردێڕی "حەرام" و "دژە ئیسلامی"دا چەندین جار سنووردار کراون، بەڵام لە هەندێک خاڵدا، بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکان یان فشاری کۆمەڵایەتی، لەناکاو بە "حلال" یان تەنانەت "مستحب" ڕاگەیەندراون.
هەروەک باس کرا، تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی بۆ ئایین هەمیشە لەگەڵ پێداویستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیمدا هاوئاهەنگ بووە. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە دوو هەڵوێستی تەواو جیاوازی عەلی خامنەیی لە سەردەمی حوکمڕانیدا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکرێت. لە ساڵی ١٣٧٩ و لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمیدا، هەندێک کەس باسیان لە پێویستی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکرد. خامنەیی لە وتارێکدا بە توندی هێرشی کردە سەر ئەو کەسانەی داوای دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن و گوتی: "پێتان دەڵێم ئەمڕۆ دوژمن توانای نیە. ئەمڕۆ لە سایەی نەتەوەیەکی وشیاری وەک نەتەوەی ئێران، لە سایەی بیرکردنەوە ئیلهامبەخشەکانی وەک بیری نەتەوەی ئێران، لە سایەی شۆڕشێکی گەورەی وەک شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، نە ئەمریکا و نە هیچ کەسێکی گەورەتر لە ئەمریکا – ئەگەر دەسەڵاتی ماددی هەبێت – توانای سەپاندنی ڕووداوێکی وەک ڕووداوی ئاشتیی ئیمام حەسەن بەسەر جیهانی ئیسلامیدا نیە." خامنەیی لەم وتارەدا ڕایگەیاند کە ئاشتیی ئیمام حەسەن دووبارە نابێتەوە، بەڵکوو لە بارودۆخێکی وەک ئەو سەردەمەدا عاشورا ڕوو ئەدات!
ئێستا لە سەروبەندی خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا، خامنەیی لە وتارێکدا بە شێوەیەکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت و بۆ پاساوهێنانەوە و دروستبوونی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، باسی لە ئاشتیی ئیمام حەسەن دەکا و نەیارانی دانوستانی بە بزۆز و ئۆقرەنەگر وەسف دادەنێت! باس لە پێویستی سەبر و خۆڕاگری دەکا و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەیارانی دانوستانەکانی بە ناتوانا لە شیکردنەوەی دۆخەکە دەناسێنێت!
ئەم گۆڕانکارییە لە بەکارهێنانی ئاییندا نەک هەر ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیری لە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژی حکومەتدا، بەڵکوو ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە چەمکە پیرۆزەکان تا چەند و چوون وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی ئامانجە سیاسییە ڕۆژانەکان بەکاردەهێنرێن. دەرئەنجامی ئەم شێوە مامەڵەکردن لەگەڵ دین و ئایین جگە لە بێمتمانەیی بەربڵاوی نێو خەڵک بەرامبەر بە ئایین و حوکمڕانی هیچی تر نەبووە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئابووریی ئێران، نەک هەر داب و نەریت و فەرهەنگی گەلانی ئێران بەڵکو ئایین و بیروباوەڕی ئایینی سەدان ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی ئیرانیش وێران و خاپوور کرد!
ئێستا لە دروشمی پووچی "کۆماری ئیسلامی دامەزرا، کە هەم دین و هەم دونیا ببەخشێت بە ئێمە"، تەنیا "ئێمە" ماوەتەوە! "ئێمە"یەک کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بۆمان دەرکەوتوە کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون لەم کابوسە چل و چەند ساڵەیە، تەنیا یەکگرتووییە و بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و تەواوی ئەم پرەنسیب و بنچینە درۆیینەی کە ئەم دەسەڵات بەپێی ئەو دامەزراوە و بێ گۆمان لە سەرەوەی هەموویان "ویلایەتی فەقیهـ"یە!!