کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان

08:53 - 20 جۆزەردان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە لە وڵامی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئاپاچییەکەیان، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی توندیان کردووەتە سەر بنکە سەربازی و ڕادارییەکانی ئێران لە نێوان شارەکانی جاسک، سیریک و دوورگەی قشم لە نزیک گەرووی هۆرمۆز.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سێنتکام، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی تەقەمەنی زۆر پێشکەوتوو و ئاراستەکراو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەکانی کۆنترۆڵی زەوینی و سایتە ڕادارییەکانی چاوەدێریی ئێرانیان لە نزیک گەرووی هۆرمۆز بە توندی بۆردومان کردووە و لەنێویان بردوون.

هەروەها، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە هەواڵدەریی "فاکس نیوز"ی ڕایگەیاند، کە لە هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی شەوی ڕابردووی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەیدا، ٢٠ ئامانجی سەربازی لە نێوخۆی ئێراندا کراونەتە ئامانج.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە هێزەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و هاوپەیمانەکانیان لە دژی هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بێ پاساوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوپەڕی ئامادەباشی و هۆشیاریدان.

ئەمریکا دەڵێت ئێران لە ڕێگەی دڕۆنێکەوە هێرشی کردووەتە سەر هێلیکۆپتەرەکە، هۆکاری ڕووداوەکەش چ ئەنقەست بێت یان هەڵەی مرۆیی، پێویستی بەم "وڵامە هاوسەنگە" هەبووە.

مایک جانسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش پشتڕاستی کردەوە کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەلایەن خودی دۆناڵد ترامپەوە دراوە.

ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە ترامپ ڕایگەیاندبوو لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز لە قۆناغی کۆتاییی ڕێککەوتنێکی گەورەدان.

لە بەرامبەردا، سپای پاسداران ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا تەنیا زیانی بە دەکەڵی موخابەراتی و دوو کۆگای ئاو گەیاندووە و بەرپرسیاریەتیی خستنەخوارەوەی ئاپاچییەکەیان لە ئەستۆ نەگرت.

لەگەڵ ئەوەشدا، عەباسی عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەد باقر قاڵیباف، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد؛ عێراقچی لە پەیامێکدا نووسی: "ئەمریکا ویستی ئیرادەی ئێمە تاقی بکاتەوە، ئەگەر دەتانەوێت پارزراو بن، ناوچەکەمان جێ بهێڵن."