قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە لە وڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکەیان، بە شەپۆلێک لە مووشەک و دڕۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، کوەیت و بەحرەین.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەم هێرشانەدا ناوگانی پێنجەمی دەریاوانی لە بەحرەین، بنکەی ئەلجەهرا لە کوەیت و بنکەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی F-35 لە بنکەی ئەلئەزرەقی ئۆردۆن کراونەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئۆردۆن و بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانیان لە ڕێگریکردن و خستنەخوارەوەی نزیکەی تەواوی مووشەک و دڕۆنەکان لە ئاسماندا سەرکەوتوو بووە.
بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، پاشماوەی مووشەکەکان لە ناوچە چۆڵەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە و هێرشەکان هیچ جۆرە زیانێکی گیانی یان ماددییان بۆ سەر هێزەکان و بنکەکانی ئەمریکا نەبووە. هاوکات وەزارەتەکانی بەرگریی کوەیت و بەحرەینیش تەنیا چالاکبوونی بەرگریی ئاسمانیی خۆیان پشتڕاست کردەوە.