کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشە تایبەتەکان لە پارێزگای سنە پێویستیان بە دەرمان هەیە

12:57 - 21 بانەمەڕ 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی تەسنیم لە پارێزگای سنە، تووشبوانی نەخۆشییە تایبەتەکانی وەکوو ئێم ئێس ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ وەکوو نەبوونی پشتیوانیی تایبەت لەلایەن بەشی پێوەندیدار و هەروەها نەبوون، کەمی و گرانیی دەرمان دەبنەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا بەپێی پێناسەی وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشییەکانی تالاسمی، هیمۆفیلی، دیالیز، و ئێم ئێس و شێرپەنجە، پەیوەندی گورچیلە، شەکرە، ئۆتیزم، و EB وەک نەخۆشیگەلی سەخت و تایبەت دەستەبەندی دەکرێن.

ئەم کۆمەڵە نەخۆشانە نەک هەر ڕووبەڕووی نەخۆشییەکە دەبنەوە بەڵکوو ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک کەمیی دەرمان دەبنەوە و بە هۆی کەمیی دەرمانەوە ناچار دەبن ڕوو لە دەڵاڵانی دەرمان بکەن و بە بڕە پارەیەکی زۆر ناچار دەبن دەرمانەکانیان دابین بکەن.

لە پارێزگای سنە، سێ هەزار و ٦٧٢ نەخۆشی تایبەت، ئەو نەخۆشانەی کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە ناویان لە سیستمی ناسینەوەی نەخۆشەکانی وەزارەتی تەندروستیدا تۆمار کراوە و جگە لە ئازارەکانی نەخۆشییەکەیان، ناچارن بەرگەی سەختیی دەستکەوتنی دەرمان، گرانی و کەمی دەرمانەکان بگرن.

هەروەها ڕاپرسییەکی مەیدانی لە دەرمانخانەکانی شاری سنە ئاماژە بە کەمیی هەندێک دەرمان دەکەن و ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەندێک لە بەرپرسانی دەرمانخانەکان تەنانەت بە کۆمەڵێک دەرمانی نەخۆشە تایبەتەکان ئاشنا نین و ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەو دەرمانانە بەردەست بێت، بە ڕێژەیەکی کەم و بە شێوەیەکی سنووردار و بە سەهمیە دەدرێت بە نەخۆشەکان.

لەلایەکی دیکەوە بڵاو کراوەتەوە کە دەرمانی دۆکسۆروبیسین بۆ شێرپەنجە، دیفێریپرۆن بۆ چارەسەر و خۆپاراستن لە نەخۆشیی تالاسمی و ئەنسۆلین بۆ نەخۆشانی شەکرە لە زۆربەی دەرمانخانەکانی سنە دەست ناکەون.

بە وتەی تەسنیم؛ جێگای سەرنجە کە ئەو دەرمانانەی کە تایبەتن و هەندێکجار تەنها بۆ زیندوومانەوە و کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشە تایبەتەکان پێویستن تەنیا لە دەستی دەڵاڵانی دەرماندا دەسووڕێنەوە و نرخی زۆر گرانیان بۆ دیاری دەکرێ، بەڵام لە دەرمانخانە پێشەنگەکانی پارێزگای سنە بە هیچ شێوەیەک تەنانەت یەک دانەش دەست ناکەوێ.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی نیگەرانی و سەرلێشێواوی نەخۆشەکان و بنەماڵەکانیان و لەلایەن بەشە پێوەندیدارەکان و کاربەدەستانی ڕێژیمەوە هیچ ڕێکارێک بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە کە گیانی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە لەبەرچاو نەگیراوە.