
سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٤، کۆڵبەرێکی بە ناوی ئارمان ڕایزەن کوڕی سدیق و خەڵکی گوندی "گۆگجە" سەر بە بەشی سەرشیوی مەریوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنووری ئەم شارە گیانی لەدەست دا.
هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بە بێ ئاگادارکردنەوە و هۆشداریدانی پێشوو لە سنووری "بەردەڕەشە و دووپلوورە"ی مەریوان تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەریوان کراوە.
ئارمان ڕایزەن لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٢، خێزاندار و دوو منداڵیشی هەیە و بەپێی زانیارییەکان لە بواری وەرزشدا چالاک بووە و چەندین میداڵی قارەمانیشی هەبووە.
نالەباربوونی دۆخی ئابووری لە کوردستان وای کردووە کە خەڵک و بەتایبەت لاوان، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی پڕ مەترسیی کۆڵبەری بکەن.