
خولی چوارەمی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەکاتێکدا کۆتایی پێ هات کە هاوشێوەی سێ خولی ڕابردوو، هەر دوو لایەن دانیشتنەکەیان ئەرێنی لە قەڵەم دا و پشتڕاستیان کردەوە کە ناتەباییەکان چارەسەر نەکراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ، دانیشتنی چوارەمی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەت، پێتەختی عومان کۆتایی پێ هات.
پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسی وتووێژەکانی لایەنی ئێران ڕایگەیاند، لە ئێستادا دوو لایەن تێگەیشتنێکی باشتریان بەرامبەر یەکتر هەیە و جەختیشی کردەوە کە پیتاندنی ئورانیۆم بابەتێکە کە بۆ ئێران هێڵی سوورە و بەدڵنیاییەوە درێژەی دەبێت، بەڵام لەوانەیە بەربڵاوی و ئاستەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
ئەم قسانەی عێراقچی لەکاتێکدایە کە پێش لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە، ستیڤێن ویتکاف، بەرپرسی تیمی وتووێژەکانی دەوڵەتی ترامپ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو کە پیتاندنی ئورانیۆم بە هیچ شێوەیەک بوونی نابێت.
سەرەڕای ئەرێنی لە قەڵەمدانی وتووێژەکان لەلایەن دوو لایەنەوە، وێدەچێت کە هێشتا لە سەر بابەتە بنەڕەتییەکان کێشە هەیە و لێڕوانینێکی نزیک لە یەکتر نەهاتووەتە ئاراوە.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ئەمریکا بە ڕۆژنامەی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە "واشینگتۆن بە وتووێژەکانی ئەمڕۆ دڵگەرم بووە و چاوەڕێی دانیشتنێکی دیکەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوە دەچێت".
ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا نووسیویەتی: "ئەگەرچی تاران و واشینگتۆن هەردووکیان ڕایانگەیاندووە کە حەزیان لێیە دژایەتییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام هەر دوو لایەن چەند هێڵی سووریان دیاری کردووە و بەم پێیە ناتەباییەکی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە.
کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئورانیۆم بە هەموو شێوەکانی و ڕادەستکردنی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێستای ئێران، لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە وەک هێڵە سوورەکان دیاری کراوە.
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی ترامپ خوازیاری کۆتاییهێنان بە هەموو بەرنامەکانی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیۆم و لابردنی بنکە ناوکییەکانی تارانە.