کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل سێ بەندەری یەمەنی بوردومان کرد

10:55 - 22 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا سێ بەندەری یەمەنی لە ڕاس عیسا، ئەلحودەیدە و ئەلسەلیف کردە ئامانج؛ سەرچاوەکانی کاناڵی ''ئەلعەرەبیە'' ڕایانگەیاندووە کە دامەزراوەیەکی ئێرانیی چالاک لە خاکی یەمەنیش کراوەتە ئامانج.

پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، ئەرتەشی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای چۆڵکردنی ئەو بەندەرانەی کرد. ئاویخای ئەدرەعی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، میلیشیا حوسییەکان لەم سێ بەندەرە کەڵک وەردەگرن.

هەینیی ڕابردوو ١٩ی بانەمەڕ حوسییەکانی یەمەن جارێکی دیکە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تێلاڤیڤ.

دوابەدوای ئەوە ئەرتەشی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعای کردە ئامانج و هاوکاتیش داوای لە یەمەنییەکان کردبوو فڕۆکەخانە و ناوچەکانی دەوروبەری چۆڵ بکەن.

لە دوای هێرشی تیرۆریستیی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ و دەستپێکردنی شەڕی ئەو کەرتە، حوسییەکان لە یەمەن ناوەناوە ئیسرائیلیان بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردە ئامانج و ڕایانگەیاند کە ئەو هێرشانە بۆ پشتیوانی و هاوپێوەندی لەگەڵ حەماس ئەنجام دەدرێن.

ئیسرائیل هەتا ئێستا چەندین جار بە ئەنجامدانی عەمەلیات و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان، وڵامی ئەم هێرشانەی داوەتەوە کە لە خاکی یەمەنەوە ئەنجام دراون.