کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٨ی لەسەدی قوتابییان لە ئێران لە خوێندن بەجێ ماون

12:28 - 22 بانەمەڕ 2725

بە کاڵاکردنی پەروەردە بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی یەک لەسەر سێی قوتابییان لە نێوان ساڵانی ١٣٩٤ هەتا ١٤٠٣ واز خوێندن بهێنن.

گەشەی ١٩٣ لەسەدیی قوتابخانەکانی ناحکومی، دابەزینی ئاستی خوێندنی سەرتاسەری و ناسەقامگیریی مامۆستایان، سیستمی پەروەردەی گشتیی ئێرانی کردووەتە کاڵایەکی لووکس کە وردەوردە لە دەستی هەژاران دەردەچێت.

محەممەد دارکێش، کۆمەڵناس لە دانیشتنی "کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پەروەردەی گشتی لە ئێران" وتی: لە ساڵی ١٣٩٤ هەتا ١٤٠٣ نزیکەی ٢٨ لەسەدی قوتابییان لە خوێندن بێبەش کراون.

بە وتەی ناوبراو لە سەدا ٧٠ی ئەو قوتابییانەی کە لە چەرخەی خوێندندا نەماوەن لە دەهەکی یەکەم تا پێنجەمن و قوتابییانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە لووتکەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندندان.

ئەو کۆمەڵناسە "هەژاری بنەماڵەیی" بە گرینگترین هۆکاری وازهێنانی ئەو قوتابییانە لە قوتابخانەکان زانی و وتی: " نزیکەی ٥٤ لەسەدی پلەکانی ژێر سێ هەزار لە کۆنکووری سەرتاسەری سەر بە دەهەکەکانی ٩ و ١٠ بوونە.

ناوبراو بەپێی بەم داتایانە، باسی لەوە کردووە کە زانکۆ لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی دەوڵەمەنددایە و پەروەردەی چینایەتیش دەبێتە هۆی زانکۆیەکی چینایەتی".

ناوبراو ناسەقامگیریی مامۆستایانی وەک دەرئەنجامێکی دیکەی بەکاڵاکردنی پەروەردەی گشتی خستەڕوو و دەڵێت، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە مووچەیان پێدەدرێت لە ساڵی ١٣٨٠وە بەپێی دوایین ئامار گەیشتووەتە ٢٧ هەزار مامۆستا، هەروەها ٢٠٠ هەزار مامۆستا لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا وانە دەڵێنەوە.

بەپێی ئامارەکان ژمارەی منداڵانی بەجێماو لە خوێندن لە ئێران لە یەک میلیۆن کەس نزیک بووەتەوە و بەشێکی زۆری ئەوانەی قوتابخانە بەجێ دەهێڵن سەر بە کەمینە نەتەوەییەکانن.