کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیژیم بەهیوایە بە پارچە زەوییەک خەڵک هان بدات لە چوار منداڵ زیاتریان ببێت

13:18 - 22 بانەمەڕ 2725

پێداگرییەکانی ڕێژیم لەسەر بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگا و شارسازیی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی یاسای پشتیوانیکردن لە بنەماڵە و لاویی حەشیمەت، دوو هەزار و ١٣٣ زەوی ئەدرێتە ئەو بنەماڵانەی کە چوار منداڵ و زیاتریان هەیە.

سیاسەتەکانی گشتیی حەشیمەت کە لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی ڕاگەیەندرا، بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ڕیژیم لە پارێزگاکانی ئێران، ساڵانە کۆمەڵێک پلان و بەرنامە بۆ هاندانی خەڵک بەڕێوە ببەن تاکوو منداڵی زیاتریان ببێت.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەموو هەوڵەکانی ڕیژیم لەم پێوەندییەدا تووشی شکستهێنان بووەتەوە، بەشیوەیەک کە پێشبینی دەکرێت تاکوو ساڵی ١٤٣٠، یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران تەمەنیان ٦٠ ساڵ و سەرەوەتر بێت.

نەبوونی داهاتووی ڕوون، قەیرانی ئابووری، هەژاری و بێهیوایی خەڵک بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی منداڵداربوون لە نێو بنەماڵەکان لە ئێراندایە.

ئەم هەوڵانەی ڕیژیم بۆ هاندانی خەڵک لەکاتێکدایە کە هیچ پلان و بەرنامەیەکی توکمە و جێی متمانە بۆ نەوەی نوێ دیاری نەکراوە و ئەگەر دۆخەکە هەر لە سەر ئەم ڕەوتە بچێتە پێشەوە، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی لاوانی داهاتوو نە تەنیا دوورتر دەبێتەوە بەڵکوو وەک خەونێکی هەتاهەتایی لێ دێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم پلانانەی ڕێژیم بۆ منداڵداربوونی خەڵک، جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بنەماڵەکان هەموو داهاتی خۆیان بۆ کڕینی خانوو پاشەکەوت بکەن، لە ٩ ساڵدا دەتوانن خانوویەکی ٧٥ تا ١٠٠ میتری بکڕن، بەڵام چون یەک لەسەر سێی ئەم داهاتە بۆ دابینکردنی خانوو لە بەرچاو دەگیردرێت، لە ئێستادا بنەماڵەکان دەبێت ٢٧ ساڵ چاوەڕێ بن تاکوو بتوانن خانوویەکی وەها دابین بکەن.

هەواڵدەریی ئیلنا بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕیژیم لە ساڵی ١٤٠٣ ڕایگەیاندبوو کە بەپێی لێکدانەوەکانی ئەم ناوەندە، ماوەی چاوەڕوانکردنی کرێکارێک بۆ کڕینی خانوو لە تاران، گەیشتووەتە ٥٠٠ ساڵ.

بەپێی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و داڕمانی بەهای تمەن و هەروەها هەڵاوسان لە ئێران، ڕەنگە ئەم ماوەیە تاکوو ئێستا دەیان ساڵی دیکەشی پێ زیاد بووبێت.

لە وەها دۆخێکی کارەساتباردا بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر قسەی خامنەیی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگا لەهەوڵدان تاکوو بە پێشکەشکردنی پارچە زەوییەک یان چەند وام و سەوەتەی خۆراک، بنەماڵەکان هان بدەن تاکوو منداڵی زیاتریان ببێت.

دابەزینی ئاماری منداڵداربوونی خەڵک تەنیا لایەنێکی بابەتەکەیە و کێشەکە لە شوێنێکدا قووڵتر دەبێتەوە کە نێونجی تەمەنی هاوسەرگیری لەم ساڵانەدا بەردەوام چووەتە سەرەوە، بە شیوەیەک کە ئەم نێونجیی تەمەنە بۆ پیاوان گەیشتووەتە نزیک بە سی ساڵ.

قەیرانی ئابووری، نەبوونی کار و نەبوونی توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی هاوبەش وەک خانوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دیاردە لە ئێرانە.

جیا لە هەموو ئەمانە، گەورەکردنی منداڵ لە ئێستادا لە ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی نرخی هەڵاوسان بەتایبەتی لە بواری خۆراکدا، یەکێک لە سەرەکیترین خەمی بنەماڵەکانە.