
ئەمریکا گەمارۆی نوێی بەسەر سێ کەس و شیرکەتێکی ئێرانی کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنانی بەرگریی ئێران (سەپەند)ـەوە هەیە سەپاند.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێوارەی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە، دەستیان لە چالاکیگەلێکدایە کە لە پەرەگرتنی چەکی کۆمەڵکوژ ڕۆڵ دەگێرن و یارمەتیی ماددی ئەو بەرنامەیە دەدەن.
مارکۆ ڕوبیۆ لە بەیاننامەکەدا باسی لەوە کرد، ئێران لە فراوانکردنی بەرچاوی بەرنامە ناوکییەکەی و ئەنجامدانی توێژینەوەی دوو مەبەستە و پەرەپێدانی چالاکییەکانی پێوەندیدار بە چەکی ناوکی و سیستمی ڕاگواستنی چەکی ناوکی بەردەوامە.
ئەم گەمارۆیانە ڕۆژێک دوای چوارەمین خولی دانوستانە ناوکییەکانی ئێران و ئەمریکا ڕاگەیەندرا. دوای دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە دانوستانەکان بەرەو پێشەوە دەچن، بەرپرسێکی ئەمریکیش دانوستانەکانی بە دڵخۆشکەر ناو برد.
"شیرکەتی پویا پارس فەناوەرانی ئایندە نگەر " سەر بە سەپەند، سەید محەممەدڕەزا سەدیقی سابر، ئەحمەد حەقیقەت تەڵەب و محەممەدڕەزا مەهدیپوور ئەو شیرکەت و کەسانەن کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنانی بەرگری (سەپەند) ڕێکخراوێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە.
تا ئێستا بەرپرسانی ئێران وڵامی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکایان نەداوەتەوە، بەڵام نزیکەی دوو حەفتە لەمەوبەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەهۆی ئەوەیکە چەند شیرکەت و کەشتییەک بەهۆی گواستنەوەی نەوتی ئێرانەوە سزا درابوون بە توندی ڕەخنەی گرت و ئەمەی بە بەڵگەیەکی دیکەی ڕوونی ڕوانگە دژبەیەکەکانی بڕیاردەرانی ئەمریکا و نەبوونی نیازپاکی و جددییەت لە پێشخستنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی ناو برد.