
وەزارەتی پەروەردەی ڕیژیم ڕایگەیاندووە کە لەمەبەدوا بەهۆی قەیرانی کەمیی کارەباوە، منداڵانی قوتابی دەبێت کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی لە قوتابخانەکان ئەمادە بن.
بەپێی ڕێسانامەی وەزارەتی پەرەوەردە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ بڵاو کراوەتەوە، لەمەبەدوا هەموو قوتابخانە دوو نۆرەکارەکان لە کاتژمێر ٦ی سەر لە بەیانییەوە هەتا کاتژمێر ٩ و ٣٠ خولەک و هەروەها لە ١٠ی بەیانییەوە تاکوو یەکی دوانیوەڕۆ بەردەوام دەبن.
هەروەها دەبێت قوتابییانی قوتابخانە یەک نۆرەکارەکانیش لە ٦ی سەر لە بەیانییەوە تاکوو کاتژمێر یەک و سی خولەکی دوانیوەڕۆ لە قوتابخانەکانیان ئامادە بن.
گۆڕینی کاتژمێری چالاکیی قوتابخانەکان جیا لەوەی کە چالاکی ڕۆژانەی زۆربەی بنەماڵەکان ئاڵۆز دەکات و بەروڕووی کێشەیان دەکاتەوە، لە ڕوانگەی تەندروستیشەوە بۆ منداڵانی قوتابی کاتێکی گونجاو نییە و دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندن و تەندروستیی منداڵەکان دروست بکات.
دۆخەکە بەتایبەتی بۆ ئەو بنەماڵانە ئەستەمتر دەبێتەوە کە ڕێگەی قوتابخانەی منداڵەکانیان نزیک بە یەک کاتژمێر یان زیاترە و دەبێت منداڵەکانیان لە بەرەبەیاندا ڕەوانەی قوتابخانە بکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خەڵکەوە دروست بووە و خەڵکی ناڕازی لەهەمبەر ئەم بڕیارە هەڵوێستیان گرتووە.
پێشتریش دەوڵەت کاتی چالاکیی هەموو ئیدارە دەوڵەتییەکانی بۆ کاتژمێر ٦ی سەر لەبەیانی تاکوو یەکی پاش نیوەڕۆ گۆڕابوو و هەروەها هەموو پێنجشەممەکانیشی بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاندبوو.
هەموو ئەم کێشانە لەکاتێکدان کە هێشتا مانگی بانەمەڕ کۆتایی پێ نەهاتووە و چوار مانگی گەرم لە پێشدایە و ڕوون نییە کە ئەم پچڕانی کارەبایە و کەمکردنەوەی ماوەی چالاکیی ئیدارەکان تا کوێ درێژەی دەبێت.
لەکاتێکدا کە پچڕانی بەردەوامی کارەبا خەسارێکی زۆری بە پیشەسازییەکان و کار و کەسابەتی خەڵک گەیاندووە و ژیانی ڕۆژانەیان بەروڕووی کێشە کردووەتەوە، بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام باس لە ناهاوسەنگی دەکەن و هیشتا ئەم دۆخە بە دۆخێکی قەیراناوی نازانن و تەنیا داوا لە خەڵک دەکەن کە کارەبای کەمتر بەکار بهێنن.
نەبوونی وزەخانەی پێویست، کۆنبوونی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا، کۆنبوونی سیستمی گواستنەوەی کارەبا و گاز و هەروەها نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سەرەکیترین کێشەکانی نەبوونی وزە و کارەبا لە ئێرانە.