
جێگری بەرپرسی توێژینەوە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی و سامانە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان بە ئاماژەدان بە وشکەساڵییەکانی دەیەی ڕابردوو لە ئێراندا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە جووتیاران بەرەو چاندنی بەروبوومی کەمئاو و بەڕێوەبردنی ئاو، هەنگاو بنێن.
عەباس ڕەزاییزاد، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ لە پەراوێزی ڕۆژی کێڵگەکان لە بنکەی لێکۆڵینەوەی ماهیدەشت لە کرماشان بە ئیرنای ڕاگەیاندبوو: چاندنی بەروبوومی کەمئاو پرسێکی گرینگە بە تایبەتی لە ئێستادا کە وڵاتی ئێمەدا قەیرانی کەمئاویدایە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پەرەپێدان و ئاگادارکردنەوەی شێوازی چاندن بۆ هەموو پارێزگاکانی وڵات لە ساڵی ١٤٠١ وتی کە پێش لە جووتیاران ناوەندی جیهادی کشتوکاڵی پارێزگاکان دەبێ ڕەچاوی ئەم شێوازە چاندنە بکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە شێوازی چاندن لەسەر بنەمای چەندین هۆکاری جۆراوجۆر وەک سەرچاوەی ئاو، خاک، کەشوهەوا، و جۆراوجۆریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان پەرەی پێ دراوە. لەم ڕووەوە پێویستە جووتیاران بەرەو چاندنی پاییزیی بۆ ئەو بەروبومانەی کە کەمتر ئاویان پێویستە هەنگاو بنێن و دۆخەکە لەسەر بنەمای وشکەساڵییەکانی دەیەی ڕابردوو کونترۆڵ بکەن.
بە سەردەمیانەکردنی کشتوکاڵ و نەهێشتنی کشتوکاڵ بە شێوازی کۆن کارێکی گرینگە و هەنگاوێکە بۆ پێشگیری لە بەفیڕۆچوونی سەرچاوە ئاوییەکان، بەڵام دیاریکردنی چاندنی چەند جۆرێکی تایبەت لە بەروبوومی کشتوکاڵی وەک ئیدعای ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم سەرەڕای کەمبوون و دەستنەکەوتنی هەندێک بەرهەمی تایبەت زەربە لە بەشی ئابووریی هاووڵاتییانیش دەدات.
هەروەها باسکردن لە دۆخێکی ئاوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای کرماشان کە بست بە بستی کوردستان و شاخەکانی زاگرۆس سەرچاوەی سروشتیی ئاون، دەرخەری بەتاڵانبردن و گواستنەوەی ئاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران و کاولکارییەکانی ڕێژیمە.
بە وتەی کارناسانی ژینگە و بەرپرسانی ڕێژیم لە لوڕستان، لە هەر ساڵێکدا ٢٣ سانت لە ئاوی سەرچاوە ژێرزەمینییەکان کەم دەبێتەوە.
کەمبوونەوەی بارینی بەفر و باران یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ئاو لە کوردستانە بەڵام بابەتی سەرەکی ڕاکێشانی ئاوی ناوچەی زاگرۆس لە کوردستانەوە بۆ بیاوانەکانی نێوەڕاستی ئێرانە.
شاخەکانی زاگرۆس کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی کوردستانن، بوونەتە مەیدانی تاڵانکاری و لەلایەکی دیکەشەوە دروستکردنی بەنداوەکان و ڕاگواستنی ئاوی کوردستان بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران، قەیرانی ئاو لە کوردستانی بەدواوە بووە.
بەپێی ئامارەکان، پاشەکەوتی ئاو لە شارەکانی کوردستان زیاتر لە ٦ میتر کەمی کردووە و هەزاران کانی و سەدان ڕووبار لە سەرتاسەری زاگرۆس وشک بوون و بەشێکیان وەکوو سەرچاوەی ئاوی وەرزییان لێ هاتووە.