
دووهەمین داواکاریی حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان، بۆ پێداچوونەوە بە حوکمەکەی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆیی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، دیوانی باڵای ڕێژیم ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ، دووهەمین داواکاریی ئەم بەندکراوە کوردەی ڕەت کردووەتەوە.
پێشتر یەکەمین داواکاریی ئوزدەمیر لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ئەم دیوانەوە ڕەت کرابوویەوە.
حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو لە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، دەرکرابوو.
حاتەم لەلایەن ئەم دادگایەوە بە تۆمەتی "موحاربە" ئەم حوکمەی بە سەردا سەپاوە.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "بەغی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری "خۆی"ـیەوە بە لەسێدارەدان سزا درا و هەروەها بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، سزای ٥ ساڵ بەندکرانیشی بۆ دەرکرابوو.
ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ساڵێ دواتری، واتا ساڵی ١٤٠١ لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە ڕەت کرابوویەوە و پاشان دۆسییەکەی بەمەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە ڕادەستی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.
حاتەم لە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ناوچە سنورییەکانی چاڵدێران، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لەکاتێکدا بە دەستی ئەم هێزانە دەسبەسەر کرابوو کە چەند کاتژمێر پێشووتری شەڕێک لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و هێزەکانی "قەرارگای حەمزە"ـی سپای پاسداران لەو ناوچەیەدا ڕووی دابوو.