کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٩ گوندی پارێزگای کرماشان منداڵان شوێنی خوێندنیان نییە

11:13 - 24 بانەمەڕ 2725

کێشەی نەبوونی شوێنی پەروەردەیی و خوێندن لە ١٩ گوندی ناوچەی سەحنە لە پارێزگای کرماشان بووەتە هۆی ئەوەی کە  قوتابییان لە ناو کانێکسدا وانەکانیان بخوێنن.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ بەرپرسی بەشی پەروەردەی پارێزگای کرماشان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم ئاماژەی بەو کێشانە کرد کە ڕووبەڕووی بەشی پەروەردەیی لە پارێزگای کرماشان و بە تایبەت لە ناوچەی سەحنەی ئەو پارێزگایەدا دەبێتەوە و وتی سەرەڕای ئەو هەوڵ و بیناسازییانەی کە کراوە، هێشتا بەشی پەروەردەیی و خوێندن لە سەحنەی کرماشان لە ئاستێکی لاوازدایە.

فازڵ بەهرامی بەرپرسی بەشی پەروەردەی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بە خراپیی بارودۆخی ١٩ گوندی سەر بە ناوچەی سەحنەی کرماشان کرد و ڕایگەیاندووە لە هەر گوندێکدا سەرەڕای هەبوونی زیاتر لە ١٠ قوتابی بە هۆی نەبوونی زەوی دیاریکراو و دروستنەکردنی بینای تایبەت بە قوتابخانە، ئەو قوتابییانە ناچارن لە ناو کانێکسدا درێژە بە خوێندنیان بدەن.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە چەندین گوندی دیکە کرد کە لە ئێستادا بە هۆی نەبوون و نەدانی بوودجەی تایبەت بە دروستکردنی قوتابخانە، منداڵەکانی ئەو گوندە ناچارن کە لە ناو کانێکسدا وانەکانیان بخوێنن.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی قەزای دینەوەر کە بەشێکە لە پارێزگای سەحنە، هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیرنا ڕایگەیاند کە لە ١٥ گوندی ئەو ناوچەیەش قوتابخانەی کانێکسی هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی نزیکەی سێ هەزار خوێندکار لە ناوچەی دینەوەر، پێویستییەکی زۆر بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی ژێرخانی پەروەردەیی لەو ناوچەیەدا هەیە.

ژمارەی دانیشتووانی سەحنە زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسە و نزیکەی ٩٨٠٠ خوێندکاری لە ١١٤ قوتابخانەدا هەیە و لە ئێستادا پێویستی بە دروستکردنی قوتابخانە و نەهێشتنی قوتابخانی کانێکسی لە بەشێکی زۆر گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا هەیە.